رووداو دیجیتاڵ
سکانداڵە گەورەکانی هەڵبژاردەی سەنیگالی بەشدار لە مۆندیالی 2026 زیاتر ئاشکرابوون. سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە ئاشکرایکردووە، پزیشکی هەڵبژاردەکە کە ماوەی دە ساڵە لە پۆستەکەی بەردەوامە، پسپۆری ژنان و لەدایکبوونە.
یاریزانانی هەڵبژاردەی سەنیگال، لە کەمپی هەڵبژاردەکەیان لە ئەمریکا، بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی ئەمساڵ، رووداوی دەگمەن و سکانداڵی گەورەی تێدا ئاشکرابوو.
سەنیگال لە قۆناخی 32ی مۆندیال ماڵئاوایی کرد، پاشئەوەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بە بەلجیکا دۆڕا. پاشئەوەی یەکێک بوو لە باشترین سێیەمەکانی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە.
یاریزانانی سەنیگال، دوای چوونە دەرەوەیان لە مۆندیال ئاشکرایانکردبوو، لە کەمپەکەی ئەمریکا، بەهۆی نەبوونی شێفی تایبەتەوە لەگەڵ هەڵبژاردەکە، ناچاربوون بەدرێژایی ماوەی مانەوەیان لە ئەمریکا، خواردنی دیلیڤەری داوا بکەن، پاشئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە، ئامادەنەبوو تێچووی گەشتی شێفی هەڵبژاردەکە بۆ ئەمریکا، لە ئەستۆ بگرێت.
عەبدوڵا فال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سەنیگال ئاشکرایکردووە، "دوای لێبوردبوونەوە لە کاری پزیشکی هەڵبژاردەکە، بۆمان دەرکەوت ئەو کە ماوەی دە ساڵە پزیشکی هەڵبژاردەکەیە، لە بنەمادا پزیشکی ژنان و لەدایکبوونە و لە رووی ئەکادیمییەوە، شیاوی سەرپەرشتیکردنی یاریزانانی هەڵبژاردەکە نەبووە، تەنانەت یاریزانەکانی متمانەیان پێی نەبووە و گاڵتەیان بەپلانە چارەسەرکارییەکانی کردووە".
ئەو سکانداڵانەی لە دوای چوونە دەرەوەی هەڵبژاردەکە وروژێنرا و ئاشکرابوون، سەریان کێشا بۆ دوورخستنەوەی بابی سیاوی راهێنەر لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە.




