رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026 دەستپێدەکات، لە یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێشدا کاژێر 22:00 لە داڵاس هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئیسپانیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی.
رۆژی نیشتمانی فەرەنسایە و کیلیان ئێمباپێ دەیەوێت ببێتە سیمبولێکی نیشتمانی وڵاتەکەی، کاتێک لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالدا بەرامبەر ئیسپانیا یاریی دەکات.
ئەمشەو چاوەکان لە هەموو جیهانەوە لەسەر یاریگای داڵاس دەبن، بۆ یەکلابوونەوەی یەکەم لایەنی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026.
هەڵبژاردەی فەرەنسا بەسەرکردایەتیی کیلیان ئێمباپێ، بە ئارامی و ورەیەکی بەرزەوە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و تیپەکە بەتەواوی بۆ ئەم یارییە سەرنجڕاکێشە ئامادەیە.
لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکە، فەرەنسا ریکۆردی ئەڵمانیا و بەرازیل یەکساندەکاتەوە و دەبێتە سێیەم هەڵبژاردە لە مێژوودا سێ مۆندیالی بەدوای یەکدا بگاتە یاریی کۆتایی مۆندیال.
ئێمباپێ، ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەیە و زۆرترین چاوی لەسەرە، خاوەنی 8 گۆڵ و سێ ئەسیستە و دەیەوێت ببێتە گۆڵکاری مۆندیال، ئەو پێشتر دوو مۆندیالی دیکەی کردووە، هەردووکیان لە یاریی کۆتایی بووە و نازناوێکی بردووەتەوە، ئەمجارە چاوی لەوەیە جارێکی دیکە خۆی لە یاریی کۆتایی ببینێتەوە.
فەرەنسا لەڕووی هێرشبەرییەوە دووەم بەهێزترین هەڵبژاردەی ئەم مۆندیالەیە لە شەش یارییدا 16 گۆڵی تۆمارکردووە، گۆڵکار لای هەڵبژاردەکەیەوە و ئێمباپێیە، ئەسیستکاریش هەر لای خۆیانە، میکێل ئۆلیسێیە.
تەمەنی بووە 19 ساڵ و شەوی رابردوو ئاهەنگی لە دایکبوونی بوو، دیارترین ئەستێرەی لاوی جیهانە، هەمووان ستایشی دەکەن و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 200 ملیۆن یۆرۆ، ئەو بەهرەمەندێکی سەرنجڕاکێشە و ئیسپانییەکان چاوەڕوانییەکی زۆریان لێی هەیە.
لامین یامال، دەیەوێت رۆژی لە دایکبوونی بەبردنەوە لە فەرەنسا پیرۆزبکات و بردنەوەی یارییەکە بکاتە جوانترین دیاری بۆ هەڵبژاردەکە و هاندەرانی، کاتێک لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا، دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لە داڵاس بۆ یارییەکە ئەنجامدا، ئەوان بەتەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەکە ئامادەن و دەیانەوێت جارێکی دیکە بگەنە یاریی کۆتایی.
یامال هێشتا تەنیا یەک گۆڵی لە مۆندیالدا تۆمارکردووە، ئەمشەو چاوەکان لەسەر تواناکانی ئەو یاریزانەن بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکە بکات بۆ سەرخستنی لارۆخا بەرەو یاریی کۆتایی.
ئیسپانیا، خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە لە مۆندیالدا، لە شەش یاریی رابردوودا تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە و خاوەنی پێنج کلین شیتە، تیپەکە بەرامبەر تیپێکی پڕ لە هێرشبەری باش یاریی دەکات و رکابەرییەکەیان نایاب و سەرنجڕاکێش دەبێت.




