رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەو هەرایەی لە یاریی نێوان میسر و ئەرجەنتین نایەوە، هۆکاری سەرەکی دوورخستنەوەی فرانسوا لێتێکسیێ، ناوبژیوانی فەرەنسی لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی داهاتووی مۆندیالی 2026 ئاشکرا بوو.
لێتێکسیێ لە یاریی قۆناخی 16ی مۆندیال لە نێوان میسر و ئەرجەنتین، کە بە بردنەوەی ئەرجەنتین 3-2 کۆتاییهات، رووبەڕووی رەخنەیەکی تووندی میسرییەکان بووەوە. ئەوان تۆمەتباری دەکەن بەوەی هۆکاری ماڵئاواییکردنیان بووە، دوای ئەوەی گۆڵێکی مستەفا زیکۆی رەتکردەوە و لێدانێکی سزای بۆ محەممەد سەڵاح ئەژمار نەکرد و تەنانەت نەگەڕایەوە بۆ تەکنەلۆژیای VAR.
هەرچەندە میسرییەکان زۆر تووڕەن، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی، دوورخستنەوەی لێتێکسیێ و هاوکارەکەی کلیمێنت تورپان پەیوەندی بە ئاستیانەوە نییە، بەڵکو هۆکارەکەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی فەرەنسایە بۆ قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیال.
بەپێی یاساکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ FIFA، کاتێک هەڵبژاردەی وڵاتێک دەگاتە قۆناخی پێش کۆتایی، نابێت ناوبژیوانی هەمان وڵات هیچ یارییەکی دیکە لەو قۆناخە و یاریی کۆتایی بەڕێوەببەن، ئەمەش بۆ پاراستنی بێلایەنی و دوورکەوتنەوە لە هەر گومانێک.
مۆندیالی 2026 کە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، گەیشتووەتە قۆناخە یەکلاکەرەوەکان و فەرەنسییەکان چاویان لەوەیە جارێکی دیکە بگەنە لووتکەی جیهان، هەر ئەمەش بووە هۆی بێبەشکردنی ناوبژیوانەکانیان لە بەڕێوەبردنی یارییە مێژووییەکان.




