رووداو دیجیتاڵ
خانمە بەرپرسێکی ئەرجەنتینی سووکایەتی بە کیلیان ئێمباپێ و فەرەنسا دەکات، فەرەنساش بەتووندی وەڵام دەداتەوە.
لێدوانەکانی خانمە بەرپرسێکی ئەرجەنتینی شەپۆلێکی تووڕەیی فەرمی لە فەرەنسا لێکەوتەوە، دوای ئەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی فەرەنسای بە 'هەڵبژاردەیەکی ئەفریقی بێ ئەدەب' ناوبرد. ئەم لێدوانە دوای یاریی فەرەنسا و پاراگواى لە جامی جیهانی 2026 هات، کە وایکرد باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بۆینس ئایریس رێکاری دیپلۆماسی دژی بگرێتەبەر.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی، هێبێ کاسادۆ، جێگری پارێزگاری هەرێمی مێندۆسای ئەرجەنتین، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "X" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی "دەستخۆش پاراگواى، هەڵبژاردە ئەفریقییەکە بێ هیچ ئەدەبێکە، رقم لە ئێمباپێیە". ئەم لێدوانانە تۆمەتی فراوانی رەگەزپەرستییان لێکەوتەوە.
رۆمان نادال، باڵیۆزی فەرەنسا لە ئەرجەنتین، بە تووندی وەڵامی ئەو لێدوانانەی دایەوە و جەختی کردەوە کە "هیچ گومانێک لە رەگەزپەرستانەبوونیان نییە". رایگەیاند کە کاسادۆ وەک 'کەسێکی نەخوازراو' لە ناو بارەگای باڵیۆزخانەی فەرەنسا یان لە هەر چوارچێوەیەکی هاوکاری دوولایەنەدا هەژمار دەکرێت.
باڵیۆز روونیکردەوە کە رێنمایی داوە تیپەکانی باڵیۆزخانە بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی هاوکاری لەگەڵ هەرێمی مێندۆسا نەکەن ئەگەر ئەو بەرپرسە ئەرجەنتینییەی لێ بێت، مەگەر ئەوەی لە لێدوانەکانی پاشگەز بێتەوە. جەختیشی کردەوە کە "رەگەزپەرستی هیچ جێگەیەکی لە هاوکاری نێوان فەرەنسا و ئەرجەنتیندا نییە".
نادال گوتیشی "ئێمە شانازی بە هەمەجۆریی خۆمانەوە دەکەین، و بەرگەی هیچ جۆرە سووکایەتییەک یان گومان خستنە سەر رەچەڵەکی یاریزانەکانمان ناگرین. چۆن دەبێت بەرپرسێکی گشتی لە وڵاتێکی وەک ئەرجەنتین، کە شانازی بە پێشوازیکردن لە کۆچبەران دەکەین، رەخنە لە هەڵبژاردەیەک بگرێت کە یاریزانەکانی بەرهەمی کۆچبەریین؟!".
لە لایەکی دیکەوە، کاسادۆ بەرگری لە خۆی کرد و گوتی ئەوەی نووسیویەتی 'گاڵتەجاڕی' بووە و "تەنیا کەسە زیرەکەکان تێیدەگەن". دواتر لە هەڤپەیڤینێکی رادیۆییدا گوتی لێدوانەکانی لە چوارچێوەی 'کلتووری تۆپی پێ'ـدا بووە، و رەخنەی لەوە گرت کە پێیدەگوترێت 'دروستیی سیاسی'.
ئەم رووداوە چەند رۆژێک دوای ئەو مشتومڕە دێت کە بەهۆی لێدوانە خراپەکانی سیناتۆرێکی پاراگواى دژی کیلیان ئێمباپێ دروست ببوو، لە کاتێکدا پاڵەوانێتی جامی جیهانی 2026 شایەتی زیادبوونی سەرکۆنەکردنی فەرمی هەر لێدوانێکە کە رەنگی رەگەزپەرستی پێوە بێت دژی یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسا.




