رووداو دیجیتاڵ
لەپاش ئەو ئاستە باشەی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە مۆندیالی ئەمساڵدا پێشکەشی کرد و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە، هاندەرانی ئەو هەڵبژاردەیە داوای بەردەوامبوونی دیدێ دیشامی راهێنەر لە پۆستەکەی دەکەن.
دیشام بڕیاریداوە دوای کۆتایی هاتنی مۆندیالی ئەمساڵ، مەشقدانی هەڵبژاردەکە بەجێبهێڵێت و زۆرینەی سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، شوێنگرەوەی دیشام، زینەدین زیدانی ئەفسانەی تۆپی پێی وڵاتەکەیە.
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، ژمارەی ئەو هاندەرانەی فەرەنسا، کە داوای بەردەوامبوونی دیشام لە پۆستەکەی دەکەن، زیادی کردووە.
هاندەرانی فەرەنسا پشتگیری و هاندانیان بۆ دیشام گۆڕانکاریی زۆری بەسەرداهاتووە. ئەو راهێنەرە دوای شکستی لە یۆرۆی 2024 رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، کاتێک فەرەنسا بە ئیسپانیا دۆڕا، رێژەی ئەو هاندەرانەی پشتگیریی مانەوەی دیشامیان لە پۆستەکەی دەکرد، لە 78 لەسەدەوە دابەزی بۆ 58 لەسەد.
دیشام دواتر کاتێک بەرامبەر ئیتاڵیا دۆڕا لە هەمان ساڵدا و لە نێو پاریسی پایتەختی وڵاتەکەی، لە یاریگادا هاندەران ناڕەزایەتیی زۆریان بەرامبەری دەربڕی و داوای دوورخستنەوەیان دەکرد و فیکەیان بۆ لێدا.
دوای نزیکەی دوو ساڵ لەو دۆخە، فەرەنسا خۆی لە پێشکۆتایی مۆندیال دەبینێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا، داواکارییەکان بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی، روو لە زیادبوونە.
دیشام لە مانگی یەکی 2025دا رایگەیاند دوای مۆندیالی 2026 پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت، ئەو بڕیارە بووە هۆی باشتربوونی رێژەی هاندەران بۆی و گەیشتە 83 لەسەد، بەڵام لە دوای مانگی شەشی هەمان ساڵ دابەزی بۆ 71 لەسەد، بەرلەوەی جارێکی دیکە بەهۆی ئاستە باشەکەی فەرەنسا لە مۆندیالی ئەمساڵ، بەرز ببێتەوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، سێ هۆکار لە پشت بەرزبوونەوەی گەلویستیی دیشامەوە لە نێو هاندەرانی فەرەنسادا هەن، ئەوانیش ئەنجامە باشەکان، گەشەکردنی ستایلی یارییکردنی تیپەکە و ئەو خاکەڕاییەی ئەو راهێنەرە، بەرامبەر یاریزانەکانی پێشانی دەدات.
فرانک هوکیمیەی پسپۆری پەیوەندییە گشتییەکان دەڵێ، ئێستا هەڵبژاردەی فەرەنسا هەموو هۆکارێکی سەرکەوتنی هەیە، ئەنجام و پشتگیریی هاندەران و تۆپی پێیەکی هێرشبەرانە.
یانیک فانهێی یەکێک لە سەرۆک ئەڵتراسەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا پێیوایە، دیشام لە باشترین دۆخدا دەڕوات، چونکە ئەو بەئەنجامی باش و ستایلی جوانی یارییکردنەوە، کۆتایی بەکاروانەکەی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەکە دەهێنێت.




