رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەڵێت یارییەکەیان بەرامبەر سویسرا زۆر قورس بووە و تیپەکەی کەوتووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە.
دوای بردنەوەیان لە سویسرا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک و گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، لیۆنێل سکالۆنی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سەختی یارییەکە گوتی " سەخت؟ وشەی سەخت تەنانەت ناتوانێت گوزارشت لەوە بکات کە چەندە قورس بوو. تۆش هەمان شتت بینی. پێموایە رووبەڕووی رکابەرێک بووینەوە کە بەڕاستی خستینییە ژێر گوشارەوە. لە رووی جەستەییەوە زۆر بەهێز بوون، بەڕاستی زۆر بەهێز بوون. زۆرمان پێ چوو تاوەکو ململانێیەکان ببەینەوە، زۆرمان پێ چوو تاوەکو پێنج شەش پاس پێکەوە ببەستینەوە، ئەوەش راستییەکەیە. بەڵام ئێمە هەمیشە ئەو هێزە زیادەیەمان هەیە و لە کۆتاییدا توانیمان سەرکەوین."
راهێنەری ئەرجەنتین دەڵێت "با سەیری لایەنە گەشەکە بکەین. شتە باشەکە ئەوەیە کە لە نیوەی کۆتاییداین. ئێمە لە پێگەیەکی نایابداین لە تۆپی پێدا. بێگومان سەرکەوتووین، هەرچەندە رەنگە ئەوەندە ئاسان نەبووبێت، ئەوەش شتێکە کە دەبێت پێی رازی و دڵخۆش و بەجۆش بین. ئێستاش هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین، تاوەکو کۆتایی دەڕۆین بە دوایین تنۆکی ئارەق و هەموو ئەو هێزەی کە هەمانە، هەموو توانایەکمان بەکار دەهێنین. ئەگەر توانیمان ئەنجامی بدەین، زۆر باشە. ئەگەر نەشمانتوانی، بەردەوام دەبین لە هەوڵدان. گومانتان لەوە نەبێت، چونکە لەم جۆرە یارییانەدا، روونە کە هەندێک جار بەخت لەگەڵت دەبێت. با ئەمڕۆ باشترین سوودی لێ وەربگرین."
لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە قۆناخی داهاتووی مۆندیالدا، سکالۆنی گوتی "ئەمە یارییەکی تۆپی پێیە. پەیامەکە ئەوەیە کە ئەمە تەنیا یارییەکی تۆپی پێیە، با لێکدانەوەی دیکەی بۆ نەکەین. یارییەکی تۆپی پێیە. ئێمە یارییەکی تۆپی پێ بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی نیشتمانی گەورە دەکەین کە راهێنەرێکی گەورەیان هەیە و رێز و سەرسامییەکی زۆرم بۆی هەیە. بەڵام ئەمە تەنیا یارییەکی تۆپی پێیە، خاڵ و کۆتایی، هەموو شتەکە تەنیا ئەوەیە."



