رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی ئەرجەنتین دەڵێت "یارییمان بەرامبەر ئینگلتەرا زۆر تایبەت دەبێت و کەمی یاریزانانی سویسرا هاوکاریی کردین بۆ بردنەوەی یارییەکە".
ئەرجەنتین لە قۆناخی هەشتی مۆندیالدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە سویسرای بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، لە قۆناخی داهاتوودا هەڵبژاردەکە رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەبێتەوە.
دوای بردنەوەی یارییەکە و گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال بۆ جاری حەوتەم لە مێژوویدا و دووەمجار لەسەریەک، لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەکە لەگەڵ یاریزانانی ئەرجەنتین ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.
لیۆ و هاوڕێکانی، ئەو ملیۆنان هاندەرەی بێهیوا نەکرد، کە تاوەکو بەرەبەیان بۆ بینینی ئەوان خەو نەچووە چاویان و 120 خولەک لە چاوەڕوانیدا مانەوە.
ئەرجەنتین لەژێر سەرپەرشتی لیۆنێل سکالۆنی، 10 یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئەورووپا کردووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 7 بردنەوە، 3 یەکسانبوونی هەیە.
مێسی هەرگیز بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی نەکردووە، یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال دەبێتە یەکەم یاریی لیۆ بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە.
پێشتر ئەرجەنتین و ئینگلتەرا لە 2005 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ئەوە دوایین یاریی نێوان ئەو دوو هەڵبژاردەیەیە و ئەو کاتە لیۆ لە هەڵبژاردەکە نەبوو.
دوای یارییەکە لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ئینگلتەرا و یارییکردنی بەرامبەر ئەو تیپە، لیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بەڵێ، راستە، هەمیشە یاریکردن بەرامبەر تیپە گەورەکان تایبەتمەندی خۆیان هەیە. پێشتر هەرگیز بەرامبەر ئینگلتەرا یاریم نەکردووە، ئەمە یەکەمجارە. بۆیە یارییەکی تایبەت دەبێت، چونکە نیوەی کۆتایی مۆندیالە. دەی، ئێستا پشوو دەدەین و خۆمان بۆ ئەوە ئامادە دەکەین. ئێمە لە دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرەوە هاتووین، یاری درێژمان ئەنجام داوە و دووبارە بووەتەوە، باشە، هەندێک جار کاریگەری ئەو ماندووبوونە دەردەکەوێت."
مێسی باس لە یارییەکەیان بەرامبەر سویسرا دەکات و دەڵێت " پێموایە ئەم تیپە، وەک جاری پێشووش گوتم، هەمیشە و هەمیشە کێبڕکێ دەکات، هەمیشە بەدوای بەدەستهێنانی ئەنجامەوەیە. لە کۆتاییەکاندا ئەوان یاریزانێکیان کەم بووەوە و ئەوەش ئەو کاتە بوو کە دەستمان کرد بە دۆزینەوەی یاریزانی ئازاد و خاوەندارێتی و کۆنتڕۆڵی زیاتری تۆپ بۆ ماوەیەکی درێژتر. هەروەها ئەوانیش دەستیان کرد بە کشانەوە بۆ دواوە و کۆنتڕۆڵی یارییەکەیان بۆ ئێمە جێهێشت. بێگومان بۆ ئەوان، کەمبوونەوەی یاریزانێک یارییەکەی بە تەواوی گۆڕی."
لیۆنێل مێسی تاوەکو ئێستا لە مۆندیالدا 8 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 ئەسیستی هەیە، بەشداریی لە 10 گۆڵی هەڵبژاردەکەیدا کردووە، لە کۆی 17 گۆڵی هەڵبژاردەکە کە تاوەکو ئێستا تۆماریکردوون.



