رووداو دیجیتاڵ
تۆماس توخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئاشکرایکرد هاوڕای جود بێلینگهامە لەوەدا کە یاریزانانی هەڵبژاردەکە، وزەیەکی زۆریان خەرجکرد بۆ بردنەوە لە نەرویج، بەڵام دووپاتیدەکاتەوە کە تیپەکەی توانای پێشکەشکردنی ئاستی باشتری هەیە و دەبێ ئەو رێگایە بگرێتە بەر.
بێلینگهام، پێشەوایەتیی ئینگلتەرای کرد بۆ بردنەوە لە نەرویج بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک. پاش یارییەکە توخێل ئاشکرایکردبوو، لە ئاستی تیپەکەی رازی نەبووە.
توخێل لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی دوای یارییەکە گوتی، "سەرسامم بەو توانایەی یاریزانەکان پێشانیاندا، هەروەها رۆحی یاریی بەکۆمەڵ و بڕوابەخۆبوون و توانای تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و جەنگان لە یارییەکەدا لەپێناو دۆزینەوەی رێگای سەرکەوتن، ئەوان لەو لایەنەوە جێگای دەستخۆشین".
راهێنەرە ئەڵمانییەکە زیاتر دەڵێ، "بەڵام منیش وەک راهێنەری تۆپی پێ، پێموایە ئێمە دەتوانین ئاستی باشتر پێشان بدەین. بەشێوەیەکی گشتی پێموانییە یارییەکی ئاستبەرزبووبێت. پێموایە ئێمە پێشتر یاریی لەوە باشترمان ئەنجامداوە، لەبەرئەوە لەناوەوەی خۆمدا، کاتێک بیری لێدەکەمەوە، پێموایە دەکرا زۆر باشتر بین".
هاری کەین و جود بێلینگهام، کۆنترۆڵی گۆڵەکانی هەڵبژاردەکەیان کردووە لە مۆندیالدا و لە کۆی 13 گۆڵی هەڵبژاردەکە، 12 گۆڵ لەلایەن ئەو دوو یاریزانەوە تۆمارکراون.
توخێل دەڵێ، "پێویستمان بەو دوو یاریزانە یەکلاکەرەوەیە هەیە، ئەوان حەزیان لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکەیە، کوالیتییان بەرزە و لە ساتی هەستیاردا دەردەکەون، لەبەرئەوە هیچ کێشەیەک نییە لە درەوشانەوەی زیاتریان".
ئەو هەروەها دەڵێ، "نابێ بەداخ بین لەوەی ئەو دوو یاریزانە یارییەکانمان بۆ یەکلایی دەکەنەوە، ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە، هەردووکیان لە باشترینەکانن، رێگای خۆیان دۆزیوەتەوە".
توخێل دووپاتیدەکاتەوە، "لە ئاست و لە ئەنجامەکە رازی نیم".
تۆماس هەروەها دەڵێ، "گومانم لەوە نییە کە هەست بەپەیوەستییەکی گەورە دەکەم لە تیپەکەدا، لەبەرئەوەی یاریزانەکان ئەوە دەکەن کە پێویستە بیکەن، ئەوان شکست رەتدەکەنەوە، زەحمەتی و بەربەرستەکان تێدەپەڕێنن".
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بەبردنەوە لە نەرویج، گەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیال و رووبەڕووی ئەرجەنتین دەبێتەوە.




