رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گەیشتنی خۆی بۆ چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیالی 2026 مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە یارییەکی دراماتیکیدا، بە ئەنجامی (3-1) لە هەڵبژاردەی سویسرای بردەوە.
یارییەکە لە کاتی ئاساییدا بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەردوو لا کۆتایی هات، بەڵام کوڕانی سکالۆنی لە کاتە زیادکراوەکاندا ئەزموونی خۆیان بەسەر سویسرییەکاندا سەپاند.
سەرەتا 'تانگۆ' زۆر زوو و لە خولەکی 10دا دەسپێشخەری کرد؛ دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی لێدانێکی کۆرنەری بە وردی جێبەجێ کرد، ئالێکسیس ماک ئالیستەر بە لێدانێکی سەری بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی ئەرجەنتینی تۆمارکرد.
لە گێمی دووەمدا، سویسرییەکان گەڕانەوە نێو کەشوهەوای یارییەکە و لە خولەکی 67دا ئێندۆیک دوای ئاڵوگۆڕکردنی تۆپ لەگەڵ هاوڕێکانی، دزەی کردە نێو ناوچەی سزا و بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و بێدەنگیی بەسەر هاندەرانی ئەرجەنتیندا هێنا.
کاتێک هەمووان چاوەڕێی لێدانە یەکلاکەرەوەکانیان دەکرد، جولیان ئەلڤارێز لە خولەکی 114دا گێمی زیادکراوی دووەم بە موشەکێک گۆڵی دووەم و
کوشندەی ئەرجەنتینی تۆمارکرد. تانگۆ لێرەدا نەوەستا، بەڵکو لە خولەکی 120دا لاوتارۆ مارتینێز لە هێرشێکی رێکخراودا گۆڵی سێیەمی بۆ ئەرجەنتین زیاد کرد و بلیتێکی بۆ قۆناخی داهاتوو بڕی.
بەو ئەنجامە، ئەرجەنتین لە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەبێتەوە، کە پێشتر بە بردنەوەی لە نەرویج گەیشتبووە ئەو قۆناخە، ئەمەش لووتکەیەکی چاوەڕوانکراو و ئاگرین لە نێوان ئەو دوو زلهێزەدا دروست دەکات.




