رووداو دیجیتاڵ
تۆماس توخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا رایگەیاند کە یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە تووندکردنی سزای راگیرانی بەرگریکارەکەی، جارێل کوانسا بۆ 2 یاری لە جامی جیهانی 2026 پێ نەگەیشتووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو بەرامبەر مەکسیک دەرکرا.
کوانسا بە کارتی سووری راستەوخۆ دەرکرا دوای پێداچوونەوەی ڤار لە سەرەتای گێمی دووەم لە یاریگای ئازتێکا، بەهۆی لێدان لە پاژنەی پێی یاریزان خیسوس گالاردۆ.
حاڵەتەکانی دەرکردن لەم جۆرە بەزۆری دەبنە هۆی راگیران بۆ یەک یاری، بەڵام سزاکە بۆ 2 یاری زیادکرا دوای ئەوەی دەستوەردانەکە وەک 'یارییەکی تووندوتیژ و مەترسیدار' هەژمارکرا.
تۆخێل دوای یارییەکە رەخنەی تووندی لە ستافی ناوبژیوانی گرت و جەختی کردەوە کە "ناوبژیوانان بەو راددەیە باش نین کە پێویستە".
تووندکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) رووبەڕووی رەخنەیەکی فراوان بووەتەوە، دوای ئەوەی بڕیاریدا سزای راگیرانی هێرشبەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فۆلارین بالوگۆن بۆ 1 یاری بۆ ماوەی ساڵێک هەڵپەسێرێت دوای ئەوەی بەرامبەر بۆسنە دەرکرا، ئەمەش وایکرد یاریزانەکە دواتر بتوانێت بەشداری بکات لە دۆڕانەکەیان بەئەنجامی 1-4 بەرامبەر بەلجیکا.
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لێدوانە تووندەکانی تۆخێل دژی ناوبژیوانی رەنگە هۆکاری پشت بڕیاری درێژکردنەوەی راگیرانی کوانسا بن، بەڵام راهێنەرە ئەڵمانییەکە ئاشکرایکرد کە ئاگاداری هیچ هۆکارێک نییە کە دروستی ئەم بابەتە بسەلمێنێت.
تۆخێل کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا لێدوانەکانی کاریگەرییان لەسەر ماوەی راگیرانەکە هەبووە، گوتی "پێناچێت وابێت، هەروەها هیچ روونکردنەوەیەەکیشمان لەبەردەستدا نییە".
هەڵبژاردەی سێ شێرەکە بە ئازایەتییەکی زۆرەوە لە کەشوهەوایەکی جەماوەریی نەیارانە لە یاریگای ئازتێکا جەنگا، سەرەڕای ئەوەی نزیکەی تەواوی گێمی دووەم بە 10 یاریزانەوە یاریی کرد، توانی بگاتە قۆناخی چارەکی کۆتایی.
تۆخێل پێیوایە ئەم رۆحە یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی هەڵبژاردەی نەرویج کە بەمتمانەیەکی تەواوەوە دەچێتە ناو رووبەڕووبوونەوەی داهاتوو.
تۆخێل گوتیشی "پێموایە لە دوا یاریی خۆماندا هەنگاوێکی گەورەمان نا، بەڵام ئەوە تەنیا هەنگاوێک بوو".
ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە بەردەوام بوو و گوتی "هێشتا برسین، هێشتا خەونمان هەیە، ئامانجێکی گەورەمان هەیە کە بۆی یاریی دەکەین، هەنگاوی داهاتووش بردنەوەیە لە چارەکی کۆتاییدا".
لە کۆتاییدا تۆخێل گوتی "ئێمە ئەو یارییەمان لەبیرکردووە، شتە پۆزەتیڤەکان و متمانەکە لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین، بەڵام ئێستا هەموو ئەوەی بۆمان گرنگە ئەوەیە کە لە داهاتوودا چاوەڕێمان دەکات".




