رووداو دیجیتاڵ
"لەو کاتەدا کە پێویستە جیهان لە خەوێکی قووڵدابێت، ئەفسانەیەک دەست بە ژەنینی سیمفۆنیایەکی نوێ دەکات. کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان، کاتێک بێدەنگی باڵ بەسەر کوردستان، ئاسیا و ئەورووپادا دەکێشێت، مێسی دێت تاوەکو بێدەنگییەکە بشکێنێت. ئەو تەنیا یاریزان نییە، ئەو پیاوی مێژووە و قاچەکانی وەک ئامێرێکی میوزیک وان؛ کاتێک ئەو تۆپ دەجوڵێنێت، جیهان هەناسە رادەگرێت و چاوەڕێی جادوویەکی دیکەی ئەو دەکات.
ئەمجارە لیۆ و تانگۆ بەرامبەر سویسرا یاریی دەکەن، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال.
مێسی پێشتر ئەزموونی یارییکردنی بەرامبەر سویسرا هەبووە و لە مۆندیالی 2014، بە ئەسیستێکی هاوکاریی دیماریای کرد بۆ تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوە و پەڕینەوە بەرەو قۆناخی هەشت، ئەمجارە خۆی دەیەوێت گۆڵ بکات و سەرکردایەتیی سێلێستێ بکات بۆ مانەوە لە رکابەرییەکەدا.
لیۆ 8 گۆڵی لە مۆندیالدا تۆمارکردووە، ئەو گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالە و دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتن بە دووەم نازناوی نزیک ببێتەوە.
ئەرجەنتین بەشێوەیەکی گشتی 7 یاریی بەرامبەر سویسرا کردووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 5 یاریی بردووەتەوە و 2 جار هەردوولا یەکسانبوون.
هەڵبژاردەی سویسرا دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە پاڵەوانی مۆندیال بکاتە دەرەوە.
سویسرا لە دوایین یاریی قۆناخی هەشتدا بەرامبەر ئەرجەنتین یاریی دەکات، ئەوان هەرگیز لە تانگۆیان نەبردووەتەوە و هەرگیز نەگەیشتوونەتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، ئەمجارە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە و هەلێکی مێژووییدان بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن کە هاندەرانیان چاوەڕێی دەکەن.
سویسرا جاری دووەمە لە قۆناخی هەشتی مۆندیالدا یاریی دەکات، ئەوان پێشتر 1954 سەرکەوتبوون، ئەمجارە دەیانەوێت قۆناخێکی نوێ بە خۆیانەوە ببینن، بەڵام ئەرکیان زۆر زەحمەتە.
لە یارییەکەی بەرامبەر ئەرجەنتین، جوان مانزامبی، یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی سویسرا بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مورات یاکن و تیپەکەی چاویان لەوەیە بە سوپرایزێک جیهان سەرسام بکەن.
براوەی ئەم یارییە رۆژی چوارشەممە لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالدا بەرامبەر براوەی یاریی ئینگلتەرا و نەرویج یاریی دەکات.




