رووداو دیجیتاڵ
لە سێیەم یاریی قۆناخی هەشتی مۆندیالدا، دوو هێرشبەری بەتوانا و گۆڵکار رووبەڕووی یەکدەبنەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە کاژێر 00:00 ئینگلتەرا و نەرویج لە مەیامی سێیەم یاریی قۆناخی هەشتی مۆندیال ئەنجامدەدەن و هاری کەین و ئێرلینگ هالاند بەرامبەر یەکدی یاریی دەکەن.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە قۆناخی هەشتی مۆندیالدا، بەرامبەر نەرویج یاریی دەکات، دەیەوێت دوای هەشت ساڵ جارێکی دیکە بگاتەوە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە و هەنگاوێکی دیکە لەو خەونە نزیک ببێتەوە کە 60 ساڵە نەبووەتە راستی، خەونی بردنەوەی نازناوی دووەمی مۆندیال.
ئینگلتەرا دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە سەرنجڕاکێشە لە مەیامی ئەنجامدا، مارک گێهی، ریس جەیمس و دیکلان رایس لە مەشقەکاندا بەشداربوون و هەرسێکیان بۆ یارییەکە ئامادەن، ئەوەی یاریی ناکات، تەنیا جارێل قونسایە، بەهۆی ئەوەی لە یاریی رابردوودا کارتی سووری وەرگرتووە.
سێ شێرەکان لە قۆناخی رابردووی مۆندیالدا لە مەکسیکی بردەوە و خۆی گەیاندە ئەم قۆناخە، لەم قۆناخەدا بەرامبەر تیپێکی رێکخراو و بەهێز یاریی دەکات کە ئێرلینگ هالاند سەرکردایەتیی دەکات، بۆیە ئەرکیان ئاسان نییە.
نەرویج یەکێکە لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم مۆندیالە و دەیەوێت بە گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی چیرۆکەکەی جوانتر و گەورەتر بکات.
تیپەکەی ستۆڵ سۆلباکن، لە کۆمەڵەی نۆیەم لە دوای فەرەنساوە وەک پلەی دووەم سەرکەوتن، بەرلەوەی لە یەکەمین یارییەکانی قۆناخی یەکلاکردنەوەی جامی جیهانیدا، دوو سەرکەوتنی مێژوویی بەدەستبهێنن.
ئێرلینگ هالاند پاڵەوانی نەرویج بوو لە هەردوو یارییەکەدا؛ لە قۆناخی 32ـدا گۆڵێکی یەکلاکەرەوەی درەنگوەختی لە دژی کۆتدیڤوار تۆمارکرد، پاشان لە قۆناخی 16دا دوو گۆڵی لە بەرازیلی خاوەن پێنج نازناو وەشاند، بۆ ئەوەی وڵاتە نۆردیکییەکە بگەیەنێتە قۆناخێکی پێشتر نەبینراو لە مێژووی خۆیاندا.
هالاند تاوەکو ئێستا حەوت گۆڵی لە چوار یارییەکەدا تۆمارکردووە و شانبەشانی کیلیان ئێمباپێ و لیۆنێل مێسی، رکابەری لەسەر بوون بە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
لە ناو یاریگای مەیامی، چەندین پەیوەندی و هاوڕێیەتی نێوان یانەکان لە نێوان یاریزانانی هەردوو تیپدا دەبینرێت.
هالاند رووبەڕووی هاوتیپەکانی لە مانچستەر سیتی، نیکۆ ئۆڕایلی و مارک گێهی و هەروەها هاوڕێی پێشووی لە سیتی، جۆن ستۆنز دەبێتەوە؛ لە هەمان کاتدا مارتن ئۆدیگاردی کاپتنی نەرویج، رووبەڕووی هاوڕێکانی لە یانەی ئارسناڵ، دێکلان رایس و بوکایۆ ساکا دەبێتەوە
.
بە گشتی، 9 یاریزان لە لیستی 26 کەسییەکەی نەرویج، لە پرێمەرلیگ یاری دەکەن.




