رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رەتیدەکاتەوە هاوکاریکردن لە مۆندیالدا هەبێت و دەڵێت "تاوەکو مێسی بیەوێت ئەو باشترینە".
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری ئەرجەنتین پێش یارییەکەیان بەرامبەر سویسرا لە قۆناخی هەشتی مۆندیالدا کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە کاژێر 04:00 بەڕێوەدەچێت، لەبارەی زۆر پرسەوە قسەیکرد، یەکێک لەو بابەتانە دەنگۆی هاوکاری و ئاسانکاری بوو لە بڕیارەکانی ناوبژیواناندا و گوتی "سەبارەت بە ڤار و هەموو ئەمانە، زۆر قورسە کە یارمەتیت بدات، زۆر قورسە. لە ڤاردا هیچ لێکدانەوەیەکی گوماناوی بوونی نییە. جگە لەوەش، ئەو کەسەی پێش دەستپێکردنی جامی جیهانی ئەو خولەی پێ داین، هەموو شتێکی وەک رۆژ بۆ روون کردینەوە. هەموو گرتە ڤیدیۆییەکانیان پیشان داین و گوتیان: ئەمە بەم شێوەیە دەبێت، ئەو بەو شێوەیە دەبێت. هەموو شتێکیش پیت بە پیت وەک خۆی جێبەجێ کراوە."
راهێنەری تانگۆ زیاتر لەو بارەیەوە قسەیکرد و گوتی "نازانم ئەگەر من لێرەدا بە ناوی ئەرجەنتینەوە قسە دەکەم. ئەم بابەتە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە، تۆ ئێستا گوتت 40 ساڵە، واتە لە ساڵی 86ـەوە، وایە؟ ئەو کاتەش دەیانووت لایەنگریمان دەکرێت، بۆیە ئەمە شتێکی نوێ نییە. رەخنە هەبوو و بەکارهێنرا، بەڵام تاوەکو ئەو شوێنەی من لەبیرم بێت هەمیشە ناوی ئەرجەنتین هاتووە، چونکە یەکێکە لەو تیپانەی هەمیشە جۆش و خرۆش و دەنگەدەنگ لە پاڵەوانێتییەکەدا دروست دەکات، بە جۆرێک لە جۆرەکان، وەک خۆت گوتت، بەکاردێت بۆ ئەوەی بە یاریزانەکان پیشان بدرێت کە: 'بەڵێ، کەسانێک هەن نایانەوێت ئەرجەنتین بیباتەوە'. ئەمڕۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموو شتێک گەورە دەکەن و لێرەوە مشتومڕ دەست پێ دەکات، بەڵام هیچ لایەنگرییەک لە ئارادا نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوەیە. ئەمڕۆ زۆر قورسە لایەنگری کەسێک بکەیت، زۆر قورسە. نازانم، رەنگە ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا کرابێت، ئاگام لێی نییە، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە زۆر زۆر ئەستەمە."
سکالۆنی باس لە دەرکەوتنی مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەکە دەکات و بە رۆژنامەڤانانی گوت "لۆژیکییە رەنگە ئەو کەسانەی لیۆنێل مێسی ناناسن چاوەڕوانی ئەوە بووبن کە لە تەمەنی 39 ساڵیدا لە ئاستی پێویستدا نەبێت، بەڵام نازانم چەند جار گوتوومە؛ تاوەکو ئەو کاتەی خۆی بییەوێت، ئەو هەر باشترین دەبێت. من وای دەبینم، نەک لەبەر ئەوەی راهێنەری ئەوم، بەڵکو تاوەکو ئەو کاتەی ئارەزووی مابێت، ئەو هەر بە باشترین دەمێنێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لیۆنێل باس لە لەدەستدانی لێدانی سزاکەی مێسی لە یارییەکەی بەرامبەر میسر کرد و گوتی "پێش هەموو شتێک، هەر بە مێشکمدا نایەت بچم پێی بڵێم تۆ لێدانی سزا جێبەجێ مەکە. ئەو دەتوانێت هەرچییەکی بوێت ئەنجامی بدات. یاریزانی دیکەمان هەیە کە جێبەجێی بکەن، بەڵام ئەگەر خۆی بییەوێت ئەو لێی دەدات، ئەگەرنا خۆی بڕیار دەدات. ئەو لەناو یاریگادا دەتوانێت هەرچییەکی بوێت بیکات."
لەبارەی هەڵبژاردەی سویسرا کە لە قۆناخی هەشتدا رووبەڕوویان دەبنەوە سکالۆنی دەڵێت "ئەوان مێژوو و نەریتیان لە جامی جیهانیدا هەیە، یاریزانی بە ئەزموونیان هەیە، لە رووی جەستەییەوە بەهێزن. رکابەرێکی سەخت دەبن و ئێمە وەک هەموو تیپەکانی دیکە رێزیان لێ دەگرین. هۆکارێک هەیە کە گەیشتوونەتە ئێرە؛ ئەوان کۆڵۆمبیایان دوورخستەوە، لە کاتێکدا کۆڵۆمبیا کارێکی بڕواپێنەکراوی دەکرد و هەموومان پێمان وابوو دەگەنە ئێرە و رووبەڕوومان دەبنەوە."



