رووداو دیجیتاڵ
تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەلجیکا، هۆکاری گۆڕانکاری پێکردنی لە یاریی بەرامبەر ئیسپانیا لە قۆناخی هەشتی مۆندیالدا ئاشکرا دەکات.
کۆرتوا لە یارییەکە لە خولەکی 71 بەهۆی پێکانەوە کەوتە سەر چیمەنی یاریگا و بەناچاری گۆڕانکاریی پێکران و سێنێ لێمانس چووە شوێنی ئەو.
دوای یارییەکە کۆرتوا لەبارەی پێکانەکەیەوە گوتی "لە سەرەتای نیوەی دووەمدا بە لێدانێکی درێژی تۆپ لە ماسولکەمدا هەستم بە شتێک کرد. دواتر چەند گەڕاندنەوەیەکم کرد و هەستم کرد باشم، بۆیە گوتم با بەردەوام بم، بەڵام کاتێک دووبارە تۆپەکەم بە دووری لێدایەوە زیاتر هەستم پێکردەوە؛ ئینجا دەزانیت کە ئەمە کێشەیەکی ماسولکەییە دەبێت وریای بیت. دەمویست بەردەوام بم، بەڵام راهێنەر کەسێکی دەویست کە 100٪ ئامادە بێت. ئاساییە، ئەوە بڕیاری ئەو بوو. دەمویست 5 بۆ 10 خولەکی دیکەش تاقی بکەمەوە بزانم چی دەبێت، چونکە لەناو گۆڵدا هەستم بە باشی دەکرد و لە کاتی گەڕاندنەوەی تۆپەکاندا هیچ بێزاری نەدەکردم، تەنیا کاتی لێدانی تۆپەکە بۆ مەودای دوور ئازارم هەبوو. بۆیە ئەوە بڕیاری راهێنەر بوو و کێشە نییە. سەبارەت بە سێنێ لامنیسیش، باوەشێکی گەرمم پیا کرد، لەوە زیاتر ئێستا ناتوانم هیچی بۆ بکەم. دەزانم بۆ گۆڵپارێز ئەمە هەستێکی زۆر ناخۆشە، بەڵام ئەو گۆڵپارێزێکی زۆر باشە و بەمە تەنیا بەهێزتر دەبێت، کێشە نییە."
لە بارەی ئەوەی کە چی بە لێمانس گوت دوای یارییەکە؟ کۆرتوا گوتی "لە کۆتاییدا ناتوانیت شتێکی زۆرتر یان ئامۆژگارییەکی زۆرتری پێ بڵێیت. ئەو کوڕێکی بەهێزە، کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە و دڵنیام باش دەبێت. چەند رۆژێک پشوو وەردەگرێت و لە مانچستەر خۆی رێکدەخاتەوە و وەرزێکی نایابی دەبێت، هیچ گومانم لەوە نییە. دڵخۆش نیت کاتێک ناچار دەبیت یارییەکی چارەکی کۆتایی جامی جیهانی جێبهێڵیت، بەڵام بەڵێ، هەندێک جار بارودۆخەکە وایە و ناتوانیت بیگۆڕیت. بۆیە لە هەفتەکانی داهاتوودا باش پشوو دەدەین و دواتر دەبینین پێکانەکە چییە، ئینجا ئامادە دەبین بۆ وەرزی نوێ لەگەڵ ریال مەدرید."
بەلجیکا لە یارییەکە بە هەڵەیەکی سێنێ لێمانس، گۆڵپارێزی دووەمی تیپەکە گۆڵی دووەمی لێکرا و بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا و ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.



