رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەڵێت بیر لە گۆڵکردن ناکاتەوە و ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگە تەنیا سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەیەتی و ئامادەیی خۆی بۆ بەرامبەر فەرەنسا دووپاتکردەوە.
لامین دوای بردنەوەی ئیسپانیا لە بەلجیکا و گەیشتنیان بە قۆناخی داهاتوو بۆ یارییکردن بەرامبەر فەرەنسا گوتی "ئاگادار نەبووم کە یاری لە دایکبوونم دەکەوێتە رۆژی دووشەممە کاتێکی زۆری نەماوە. زۆر پەرۆشم بۆی. پێموایە لەو کاتەوەی جامی جیهانی دەستی پێکردووە، هەمووان چاوەڕێی ئەم یارییەیان کردووە. ئێمەش زۆر چاوەڕێی بووین. بە بڕوای من، ئێمە باشترین دوو هەڵبژاردەی جامی جیهانیین. بەڵام بە هەر حاڵ، بێ هیچ ترسێک، ئەگەر تەنیا یەک تیپ هەبێت بتوانێت بە متمانەوە رووبەڕووی فەرەنسا ببێتەوە، ئەوا ئێمەین."
یامال لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی فەرەنسا لە قۆناخی پێشکۆتاییدا دەڵێت "چاوەڕێ دەکەم فەرەنسا گوشارمان بۆ بهێنێت، بەڵام نەک بۆ تەواوی یارییەکە. پێموانییە هیچ تیپێک هەبێت کە لە هەموو شوێنێکی یاریگادا یەک بەرامبەر یەک یاریمان بەرامبەر بکات. بەڵام بە هەر حاڵ، ئێمە ئامادەین؛ هەموومان دەزانین کە فەرەنسا هەم لە هێرشبەری و هەم لە بەرگریدا زۆر بەهێزە، تیپێکی خاوەن توانای جەستەیی بەرزن. بەڵام ئێمە بەو شێوازەی کە خۆمان دەزانین یاری دەکەین و هەوڵ دەدەین کۆنترۆڵی تۆپ لای خۆمان بهێڵینەوە."
لامین باس لە ئاستی خۆی دەکات و دەڵێت "زۆر خۆشحاڵین کە گەیشتینە قۆناخی پێشکۆتایی. یارییەکە زۆر گرنگ بوو. نەماندەویست بیر لە یاری داهاتوو بکەینەوە؛ بیرکردنەوەمان تەنیا لەسەر ئەم یارییە بوو، چونکە وەک بینیمان یارییەکی بەراستی سەخت بوو. نازانم، سەبارەت بەوەی نمرەی 1 بۆ 10 بدەم بە ئاستی خۆم، دڵنیا نیم. تەنیا دڵخۆشم کە سەرکەوتین و بە ئاستی خۆم رازیم، لەناو یاریگادا هەستم بە باشی دەکرد."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی لە مۆندیالدا زۆر گۆڵ ناکات؟ لامین یامال گوتی "ئەگەر راستگۆ بم، گۆڵ نەکردن بێزارم ناکات. من جامی یۆرۆم بردەوە بە تۆمارکردنی تەنیا یەک گۆڵ. تاوەکو ئەو کاتەی جامی جیهانی دەبەینەوە، پێموانییە هیچ کەسێک لەم ژوورەدا هەبێت پێم بڵێت: 'ئەی بۆچی گۆڵت نەکرد؟' نازانم، گرنگ ئەوەیە بردمانەوە. بۆیە تاوەکو ئەو کاتەی بەرەو پێش بچین، من زۆر دڵخۆشم. شتە گرنگەکە تیپەکەیە و گەیشتنمانە بە قۆناخی داهاتوو."
رۆژی سێشەممە لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالدا، ئیسپانیا بەرامبەر فەرەنسا یاریی دەکات و لامین یامال و کیلیان ئێمباپێ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.



