رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل، بۆ یەکەمجار لە دوای چوونە دەرەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، لە مۆندیالی 2026 قسەی کرد و رایگەیاند، چەندین رۆژم پێویست بوو بۆ بیرکردنەوە، بۆ ئەوەی هەستەکانی خۆم ئاشکرابکەم.
بەرازیل لە قۆناخی شانزەی مۆندیالدا بە ئەنجامی 2 - 1 گۆڵ بە نەرویج دۆڕا و بەوەش ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
ڤینی رووبەڕووی رەخنە بووەوە لە دوای یارییەکەی نەرویج، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو لێدانە سزایەی لە سەرەتای یارییەکەدا بۆ هەڵبژاردەکەی گیرا و برۆنۆ گیمارایش جێبەجێیکرد، بەڵام گۆڵی نەکرد.
ڤینی لە ئینستاگرامی خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە، لەگەڵ وێنەیەکی رەشوسپیی خۆی، کە لەسەر زەوی پاڵکەوتووە و بێئومێدە.
ئەو لە پەیامەکەدا دەڵێ، "دوای چوار ساڵ، جارێکی دیکە خۆم دەبینمەوە کە بیر لەوە دەکەمەوە، پاش تاڵییەکانی مۆندیال، چی بنووسم. من زۆر کەسم بینی لە تەمەنە جیاوازەکان کە پشتگیرییانکردم و ئامێزیان بۆ کردمەوە کە هاوبەشی خەونەکەم بوون، ئێستا نادادپەروەرییە ئەگەر بێدەنگیی هەڵبژێرم".
ئەو هەروەها دەڵێ، "بەڵام پێویستم بەچەندین رۆژ هەبوو بۆ بیرکردنەوە. پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی نیشتمانی گەورەترین شانازیی ژیانمە، چوونە دەرەوە لە قۆناخی شانزەی مۆندیال، هەستێکە کە ناتوانم دەریببڕم".
ئەستێرەکەی سامبا هەروەها دەڵێ، "من خۆم دەزانم چەندە لێبڕاوانە ئامادەکاریم کرد، چەندە دەمویست لەپێناو خۆم و ئێوەدا، جامەکە لەئامێز بگرم. لەبەرئەوە بێئومێدییەکە زۆر گەورەیە. ئێمە کۆمەڵەیەکی بەهێز و ئامادەمان هەبوو بۆ بەردەوامبوون لە پاڵەوانێتییەکەدا، بەڵام نەمانتوانی ئەنجامی بدەین".
هێرشبەرەکەی ریال مەدرید هەروەها گوتوویەتی، "داوای لێبوردنتان لێدەکەم، بەڵێنتان دەدەمێ کە دەجەنگم لەپێناو بەدیهێنانی خەونەکەمان و گەڕاندنەوەی بەرازیل بۆ لووتکەی جیهان".
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، وێڕای شکستی بەرازیل لە مۆندیال، بەڵام یەکێکبوو لە یاریزانە درەوشاوەکانی هەڵبژاردەکەی و چوار گۆڵی بۆ بەرازیل تۆمارکرد.




