رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆڵۆمبیا، داوای لە داواکاری گشتیی وڵاتەکە کردووە، دۆسێی لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکاتەوە، بۆ ئەو هەڕەشانەی ئاراستەی گامینتۆن کامبازی یاریزانی هەڵبژاردەی وڵاتەکە کراوە، پاشئەوەی لە دوا خولەکەکانی یاریی وڵاتەکەی بەرامبەر سویسرا، هەلێکی ئاسانی لەدەستدا.
لە دوای یارییەکە، لە سۆشیال میدیای کۆڵۆمبییەوە، رەخنەی تووند و هەڕەشەی کوشتن لەو یاریزانە کرا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆڵۆمبیا، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا هەموو جۆرەکانی هەڕەشە و بەرپرسیارێتی لە دژی ئەو یاریزانە 26 ساڵان رەتدەکاتەوە.
کۆڵۆمبیا، سێشەممەی رابردوو کاروانەکەی لە مۆندیالدا کۆتایی هات، پاشئەوەی دوای یەکسانبوون بەبێ گۆڵ لەگەڵ سویسرا، بەلێدانە یەکلاکەرەوەکان 4 - 3 دۆڕا.
لیژنەی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆڵۆمبیا، پشتگیریی و لەپاڵدا وەستانەوەی بۆ کامباز و ماڵباتەکەی و سەرجەم یاریزانانی دیکەی هەڵبژاردەی وڵاتەکە دەربڕی، داوای لە نووسینگەی داواکاری گشتیی وڵات کردووە، پەلە بکات لە لێکۆڵینەوەی پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لەو یاریزانە کردووە و داوایکردووە، ئەو کەسانە ببرێنە بەردەم دادگا.
فیدراسیۆنەکە دووپاتیدەکاتەوە، "هەموو ئەو یاریزانانەی نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان کردووە، ئاڵنگارییەکە بەرێکوپێکی و پابەندی و پیشەگەرییانە و خۆشەویستیی وڵاتەکە ئەنجامدەدەن"، لەبەرئەوە وەکئەو دەڵێ، "نابێ هیچ کام لەوان رووبەڕووی تۆقاندن ببێتەوە کاتێک نوێنەرایەتی وڵاتەکەیان دەکەن لە وەرزشدا".
لە خولەکی 114ی یارییەکەی نێوان کۆڵۆمبیا و سویسرا، کامباز هەلێکی زێڕینی لەدەستدا و تۆپەکەی بەتەنیشت ستوونی گۆڵدا رۆیشت.
کامباز پێشتر لە یاریی کۆڵۆمبیا و کازاخستاندا، گۆڵی سێیەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکردبوو، بەڵام ئەوە نەبووە هۆکار بۆ پاراستنی لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی کوشتن، لە پاش یارییەکەی سویسرا.
کامباز دوای یارییەکە، لە سۆشیال میدیای خۆیەوە داوای لێبوردنی کرد و گوتی، "هەست بەدڵتەنگییەکی زۆر دەکەم، بەهۆی ئەوەی نەمتوانی ساتێکی خۆشی بەهەمووان ببەخشم، بەڵام دووپاتیدەکەمەوە کە من هیچ کات، کەمترین کەمتەرخەمیم بەرامبەر درێسی هەڵبژاردەکەم نەکردووە. هەموو توانای خۆمم خستووەتە کار لە یاریگادا و هەزاران جاری دیکەش، هەمان قوربانی پێشکەشدەکەمەوە".
بەهۆی ئەو هەڕەشانەوەی لێیکراون، کامبازی یاریزانی رۆزاریۆ سێنتراڵی ئەرجەنتینی تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە کۆڵۆمبیا و ناونیشانی نادیارە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی خۆی و ماڵباتەکەی.
ئەوەی بەسەر کامبازدا هاتووە، رووداوی کوشتنی ئاندرێس ئیسکۆباری بیری کۆڵۆمبییەکان خستووەتەوە.
ئیسکۆبار کە بەرگریکاری کۆڵۆمبیابوو لە مۆندیالی 1994، لە تەمەنی 27 ساڵیدا، شاری مێدیینی کۆڵۆمبیا کوژرا، پاش 10 رۆژ لە تۆمارکردنی گۆڵێک لە هەڵبژارەی وڵاتەکەی لە یاریی بەرامبەر ئەمریکا، کە بەهۆیەوە کۆڵۆمبیا لە پاڵەوانێتییەکە دەرکرا.




