رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیسپانیا بلیتێکی یاریی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026ی بڕی، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی پڕ لە ململانێی بە ئەنجامی (2-1) بەرامبەر هەڵبژاردەی بەلجیکا بەدەستهێنا، لەو یارییەی کە لەسەر یاریگای 'لۆس ئەنجلۆس ستادیۆم' لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
لە دووەم یاری قۆناخی هەشتدا، 'ماتادۆرەکان' توانییان باڵادەستی خۆیان بەسەر بەلجیکادا بسەپێنن و بگەنە چوارگۆشەی زێڕین، لەوێشدا رووبەڕووی فەرەنسا
دەبنەوە کە دوێنێ بە بردنەوەی لە مەغریب گەیشتنی خۆی مسۆگەر کردبوو.
لە خولەکی 30دا، فابیان رویز دەسپێشخەری کرد و گۆڵی یەکەمی بۆ ئیسپانیا تۆمارکرد، دوای ئەوەی سوودی لە تۆپێکی گەڕاوەی تیبۆ کۆرتوا وەرگرت و هەڵبژاردەکەی پێشخست.
بەلجیکییەکان پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەم گەڕانەوە نێو کەشی یارییەکە، کاتێک کیتیلارێ لە خولەکی 41دا بە لێدانێکی سەری سەرنجڕاکێش، ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
لە گێمی دووەمدا، بەلجیکا گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، کاتێک تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێز تووشی پێکان هات و لە خولەکی 71دا بە ناچاری یاریگای جێهێشت و سینی لامێنس لە شوێنی ئەو هاتە ناوەوە.
لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی کاتی زیادکراویان دەکرد، میکێل مێرینۆ، ئەو یاریزانەی لە قۆناخی رابردووشدا گۆڵی سەرکەوتنی بەرامبەر پۆرتوگال تۆمارکردبوو، لە
خولەکی 88دا جارێکی دیکە بووەوە بە فریادڕەسی ئیسپانیا و گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی تۆمارکرد.
بەم سەرکەوتنە، هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ یەکەمجار لە دوای مۆندیالی 2010وە دوای 16 ساڵ دەگاتە قۆناخی نیوەی کۆتایی جامەکە.
بڕیارە رۆژی 14ی ئەم مانگە، ئیسپانیا و فەرەنسا لە یارییەکی لووتکەدا رووبەڕووی یەک دەبنەوە.




