رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەلجیکا دوای هەشت ساڵ دەیەوێت جارێکی دیکە بگاتەوە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال و بۆ ئەوەش پێویستە تیپێکی گەورە دووربخاتەوە.
بەلجیکا بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێز و سەرنجڕاکێش بەرامبەر ئیسپانیا ئامادەیە و چاوی لە بردنەوەیە، تیپەکە رۆژی پێنجشەممە دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە لە بنکەی تایبەتی هەڵبژاردەکە ئەنجامدا.
هەڵبژاردەکە سەرەتا گلەیی لە شوێنی مەشقەکانی هەبوو، بۆیە شوینەکەیان لە لۆیلا ماریماونت گواسترایەوە بۆ ئێل ئەی گالاکسی و لەوێ هەڵبژاردەکە درێژەی دایە ئامادەکارییەکانی.
رێد دیڤڵز لە 2018 پلەی سێیەمی مۆندیالی بەدەستهێنا، ئەوە دیارترین ئەنجامی ئەو هەڵبژاردەیەیە، لە مۆندیالی رابردوودا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کرایە دەرەوە و دوای هەشت ساڵ دەیەوێت جارێکی دیکە بگاتەوە پێشکۆتایی مۆندیال.
بەلجیکا خاوەنی هێڵێکی هێرشبەریی بەهێزە و 13 گۆڵی لە مۆندیالدا تۆمارکردووە و بە سەرکردایەتیی رۆمێلو لوکاکو، کیڤن دیبرۆین، یۆری تێلیمانس و تیبۆ کۆرتوا دەیەوێت مێژووییەکی دیکە لە گەورەترین پاڵەوانێتی جیهاندا تۆماربکات.
لە یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیا، ئەمادۆ ئۆنانا، ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەکە بەهۆی ئەو پێکانە قورسەی تووشی بووە بەشداری ناکات.
پێش ئەنجامدانی یارییەکە، رۆدی گارسیا، راهێنەری بەلجیکا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکان هەمیشە جیاوازن، تیپەکان جیاوازن، ساتەکان جیاوازن و جۆری کێبڕکێکەش جیاوازە. ئەمە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیالە. دەزانین بەرامبەر یەکێک لە تیپە بەربژێرەکان یاری دەکەین. بێگومان، ئێمە هەموو یاریزانەکان تاک بە تاک دەناسین. خاڵی بەهێزی ئەم تیپە هێشتا لە کاری بە کۆمەڵدایە، وەک هەمیشە، لە ماوەی پازدە یان بیست ساڵی رابردووی تیپی ئیسپانیادا وابووە. کوالێتی یارییەکەیان، هێشتا لە پلەی یەکەمدایە لە کۆنترۆڵکردنی تۆپدا. بۆ نموونە، دەتوانم بڵێم شتە نوێیەکە ئەوەیە کە ئەوان رەنگە لە پێشوو پتەوتر بن. هیچ گۆڵێکیان لەم پاڵەوانێتییەدا لێ نەکراوە. ئاماری لەو شێوەیە بۆ ئەوەن کە بگۆڕدرێن، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گۆڵ تۆمارکردن لەم چارەکی کۆتاییەدا."
لەبارەی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ یارییەکە دەکەن، راهێنەری بەلجیکا دەڵێت "دەمانوێت بوونمان هەبێت، نامانەوێت تەنیا بکەوینە ژێر گوشار و ئازار بچێژین. ئەگەر نا، دەردەکرێین، ئەوەش بەڕاستی ئەو شتەیە کە نامانەوێت. تیپێکی زۆر باشمان هەیە و دەتوانین گۆڵ تۆمار بکەین. بەڵگەش ئەوەیە کە ئێمە دووەم باشترین هێڵی هێرشبەری مۆندیالمان هەیە. ئێمە ئەو تیپەین کە زۆرترین سوودمان لەم مۆندیالە بینیوە. ئێمە پێش چارەکی کۆتایی، دوای فەرەنسا، ئەو تیپەین کە زۆرترین گۆڵمان تۆمارکردووە. بۆیە بەڵێ، ئێمەش هەندێک تایبەتمەندیمان هەیە کە پیشانی بدەین. لە راستیدا، هەمووان چاوەڕێی ئەوەن ئێمە ماڵئاوایی بکەین، بەڵام ئێمە باوەڕمان بە خۆمان هەیە، پێمان وایە دەتوانین ئەوە بکەین، هەموو کارێک دەکەین بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێش کۆتایی."




