رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیسپانیا، دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە و لە ریزی تیپە گەورەکانی جیهاندا بمێنێتەوە، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی بەلجیکا یاریی دەکات لە دووەم یاریی قۆناخی هەشتی مۆندیالدا.
ئەمشەو کاژێر 22:00 لە لۆس ئەنجلێس، دووەم یاریی قۆناخەکە بەڕێوەدەچێت، ئیسپانیا بەرامبەر بەلجیکا یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
هەڵبژاردەکە رۆژی پێنجشەممە دوایین ئامادەکارییەکانی لە کۆمەڵگەی وەرزشیی دیگنێتی هێڵس ئەنجامدا و بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی ئەورووپی ئامادەیە.
لارۆخا لە قۆناخی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر پۆرتوگال بەدەستهێنا و تیپەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی دوورخستەوە، بەو ئامانجەی دوای ساڵی 2010 جارێکی دیکە بگاتەوە قۆناخی پێشکۆتایی و رکابەری لەسەر نازناوەکە بکاتەوە.
پێش ئەم یارییە نیکۆ ویلیامز و یەریمی پینۆ لە پێکانەکانیان چاکبوونەتەوە، بەڵام رەنگە دی لا فوێنتێ یارییان پێ نەکات.
ئەوەی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا سەرنجڕاکێشە، هەڵبژاردەکە تاکە هەڵبژاردەی مۆندیالە تاوەکو ئێستا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە و پێنج یاریی بە گۆڵی خاوێنەوە ئەنجامداوە.
لە ئەگەری بردنەوەی ئەم یارییە لە قۆناخی داهاتوودا ئیسپانیا بەرامبەر فەرەنسا یاریی دەکات.
لویس دی لا فوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر بەلجیکا گوتی "بەلجیکا تیپێکی زۆر بەهێزە. یاریزانەکانیان لە ئیسپانیا، ئینگلتەرا، پورتوگال، فەرەنسا و ئەڵمانیا یاری دەکەن. ئەوان راهاتوون لەسەر بردنی نازناوەکان و هەوڵدان لەپێناو نازناودا. ئەمە یارییەکی زۆر قورسە، ئەگەر هەردووکمان لە چارەکی کۆتاییداین، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە تاوەکو ئەم ساتە یەکێکین لە هەشت باشترین تیپەکانی جیهان. بۆیە ئێستا ئەمە دەبێتە قورسترین یاری کە تاوەکو ئێستا رووبەڕووی بووبینەوە."
لەبارەی ئەوەی کە ئیسپانیا بەربژێرە بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیال، راهێنەری لارۆخا گوتی "دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا تۆ پاڵێوراویت یان نا، کارێکی ئاڵۆزە، چونکە ئەگەر بیت یان نەبیت، هیچ شتێک مسۆگەر ناکات. ئەوەی من حەزم لێیەتی ئەوەیە، ئەگەر پێت بڵێن تۆ پاڵێوراویت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە کەسانێک هەن بایەخ بەو کارە دەدەن کە ئەنجامت داوە. بەڵام لە هەر بارودۆخێکدا، لەم جۆرە یارییانەدا، باوەڕم پێ بکەن، هیچ پاڵێوراوێکی دیاریکراو بوونی نییە. بابەتی پاڵێوراو بوون گرنگ نییە؛ تەنانەت ئەگەر کارەکان لە رکابەرەکەشت باشتر ئەنجام بدەیت، هێشتا ئەگەری دۆڕان هەیە. بۆیە، بابەتی پاڵێوراو بوون یان نەبوون، گوشارمان لەسەر دروست ناکات چونکە خۆمان بە زۆر یان کەم نابینین. ئێمە بەردەوام دەبین لە بیرکردنەوە لەو شتانەی کە دەتوانین کۆنترۆڵیان بکەین، واتە شتەکانی پەیوەست بە خۆمان. ئەرکی ئێمە ئەوەیە بزانین کە یارییەکی قورس و زۆر سەخت دەبێت، دەبێت لە بەرزترین ئاستدا بین بۆ ئەوەی بتوانین لە بەلجیکا ببەینەوە."




