رووداو دیجیتاڵ عوسمان دێمبێلێ، بەگۆڵکردن بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، لە گۆڵی هەڵبژاردەی ماڵەخەزوورانی، جارێکی دیکە هەمان ئەو هەستانە بەسەریدا زاڵبوونەوە، کە پێشتر تاقیکردبوونەوە. دێمبێلێ، زاوای مەغریبییەکان، گۆڵی دووەمی فەرەنسای لە دژی مەغریب تۆمارکرد و رۆڵی هەبوو لەسەرکەوتنی وڵاتەکەی بۆ چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیالی ئەمساڵ. پێشتر دێمبێلێ هەمان هەستی تاقیکردبووەوە، کاتێک ساڵی 2022 هاوکاری فەرەنسا بوو بۆ بردنەوە لە مەغریبی وڵاتی ریما دەبوشی هاوژینی کە مەغریبییە و بەهۆیەوە فەرەنسا، گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە. کاروانی دێمبێلێ، هەڵچوون و داچوونی زۆری بەخۆوە بینی، لە ئاستی نزم و درەوشانەوە، پێکانی قورس و دوورکەوتنەوەی زۆر، ئەو بەر لەوەی ریما بناسێت، بەوە بەناوبانگ بوو کە شەوانە، تاوەکو بەیانی، سەرقاڵی پلەی ستەیشنە. وێڕای کاروانە پێچاوپێچەکەی، لە دوای دەستپێکی یەکەمیەوە لە ساڵی 2014، تاوەکو چوونی بۆ بارسێلۆنا لە 2017، عوسمان هەموو کات مەیلی بەلای لادان لە کاروانە پیشەگەرییەکەی و بێباکبوون لە تۆپی پێ دەردەکەوت، بەڵام هاوژینە مەغریبییەکەی بە هۆکاری سەرەکی گەڕانەوە بۆ سەر رێگای راست و درەوشانەوەی ئەو ئەستێرە فەرەنسییە دادەنرێت. درەوشانەوەی عوسمان گەیشتە بەدەستهێنانی نازناوی باڵۆندۆردی 2025 پاش پێشەوایەتیکردنی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بۆ بەدەستهێنانی یەکەم چامپیۆنزلیگ، لە مێژووی خۆیدا. ئەو هێرشبەرە کە کوڕی باوکێکی مالی و دایکێکی سەنیگالییە، بووە شەشەم یاریزانی فەرەنسی خەڵاتە مەزنەکەی باڵۆندۆر بەدەست بهێنێت، لە پاش هەریەکە لە میشێل پلاتینی، زینەدین زیدان، رایمۆند کۆپا، جیان پیێر پاپان و کەریم بنزیما. داتاکان دەریانخستووە لە 2017 - 2018 ئەو لە 31 یاریی دابڕاوە، وەرزی دواتر لە 18 یاری و پاشان 39 یاری و وەرزی دوای ئەو 27 یاری. بەڵام لە دوای هاوسەرگیریکردنی لە ناوەڕاستی وەرزی 2020 - 2021ەوە لەگەل ریما دەبەشی هاوژینی، پێکانەکانی بەشێوەک کەمیان کردووە، لە پێنج وەرزدا 59 یاریی دابڕاوە، لە کاتێکدا لە کۆی چوار وەرزی پێش هاوسەرگیرییەکەی لە 115 یاری بێبەشبووە. سەرچاوەیەکی نزیک لەو یاریزانە بە رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی ئینگلیزی گوتووە، کاتێک دۆخەکە لەبارسێلۆنا زەحمەتبوو، ئیدی ئەو هەستیکرد کە ناتوانێت ژیانی یاریزانێکی پیشەگەر بژی، بۆیە بڕیاریدا هاوسەرگیری بکات و بووە باوک، ئیدی هەستی بەرپرسیارێتی تێیدا زیادیکرد و گەیشتە ئەو بڕوایەی، پابەندی لە دەرەوەی یاریگا، چەندە کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ئاستی. عوسمان، هاوسەرگیریی لەگەڵ ریمای بەبنەچە مەغریبی و هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسا و ئیتاڵیا کرد لە 2021 و ئاهەنگێکی کلاسیکیی مەغریبییانەی لە تەنجە ئەنجامدا. ریما تاوەکو ئێستا لە سۆشیال میدیای خۆیدا، رووخساری خۆی پێشان نادات، بەڵام لە ساتە مێژووییەکانی هاوژینەکەیدا دەردەکەوێت و ئێستا خاوەنی دوو منداڵە. عوسمان کە مەغریبییەکان پێیانوایە کچەکەی ئەوان، ژیانی ئەوی رزگارکرد، لە یاریگادا نەیتوانی هیچ چاکەیەکی وڵاتەکەی ماڵە خەزورانی بداتەوە و بۆ دووەمجار هۆکاربوو بۆ چوونە دەرەوەیان لە مۆندیال. ئەوە رووداوێکە لای مەغریبییەکان، لە رووی سۆزەوە، بە بێئەمەکی ناودەبرێت، بەرامبەر ماڵە خەزوران.