رووداو دیجیتاڵ
رۆماریۆی ئەفسانەی پێشووی بەرازیل، هێرشی تووندی کردە سەر کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، پاشئەوەی لە قۆناخی شازدەی مۆندیال، لەسەردەستی نەرویج دەرکرا.
رۆماریۆ بەڕووی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی و ئەنچێلۆتیدا تەقییەوە، پاشئەوەی فیدراسیۆنەکە متمانەی بە کارلۆ بۆ درێژەدان بەکارکردن وەک راهێنەری هەڵبژارەکە تاوەکو 2030، دووپاتکردەوە.
رۆماریۆ بڕیاری بەردەوامبواونی ئەنچێلۆتی لەلایەن فیدراسیۆنەکە بەدڵ نەبوو، هەربۆیە هێرشی تووندی دەستپێکرد.
رۆماریۆ کە لەگەڵ بەرازیل مۆندیالی 1994ی بەدەستهێناوە، دەڵێ، "من بوومایە، هەر دوای تەواوبوونی یارییەکە، دەستبەجێ گرێبەستەکەم دەدڕاند، دەچوومە بەردەمی و پێمدەگوت، زۆر سوپاس و ماڵت ئاوا، بڕۆ پشووی خۆت وەربگرە و دواتر تەماشا دەکەین بزانین چی روودەدات".
ئەو هەروەها دەڵێ، "هیچ قبووڵکراو نییە، پاش ئەو شکستە، ئەنچێلۆتی لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە بەردەوام بێت، ئەو بووەتە هۆکاری ئابڕووچوونی بەرازیل".
ئەو هەروەها دەڵێ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، هەموو جارێک هەمان هەڵە لەگەڵ راهێنەرەکان دووبارە دەکاتەوە.
ئەو هەروەها دەڵێ، "من پێشتریش گوتومە و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە، ئەمە قبووڵکراو نییە و دەبێ هەموو شتێک بگۆڕێت".
رۆماریۆ زیاتر دەڵێ، "دۆنگامان هەبوو، دۆڕا و رۆیشت، سکۆلاری، بردییەوە و بەردەوامبوو، دواتر تیتی، دۆڕا و دواتر هاتەوە و دیسان دۆڕا و رۆیشت. ئێستاش ئەنچێلۆتی، دۆڕاوە و بەردەوامە".
بەرازیلییەکان هەست بەبێئومێدییەکی زۆردەکەن بەرامبەر هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان، پاشئەوەی ماوەی دوورکەوتنەوەیان لە نازناوی مۆندیال درێژ بووەوە بۆ 24 ساڵ.
دوایینجار کە بەرازیل نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا، لە مۆندیالی کۆریای باشوور و ژاپۆنی 2002 بوو.




