رووداو دیجیتاڵ
هەمیشە بە چاویلکەیەکی سپییەوە دەردەکەوێت، لە بەلجیکا لە دایکبووە و سەرقاڵی نووسینەوەی مێژووییەکی نوێیە بۆ مەغریبییەکان، محەممەد وەهبی، راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب.
تەمەنی 49 ساڵە و لە شخربینی سەر بە بروکسل لە بەلجیکا لە دایکبووە، خۆی بە رەچەڵەک مەغریبییە و خەڵکی هەمان شوێنی رۆمان نووسی نێوداری مەغریبی محەممەد شوکرییە، ئەو هەرگیز یاریزان نەبووە و سەرەتای ژیانی پیشەیی ئەو مامۆستایەتی بووە لە قوتابخانەی چارلس بولس.
لە ماکابی بروکسلەوە چووە نێو ژیانی راهێنەرایەتی و ئەرکی ئەو سەرپەرشتیکردنی منداڵان بووە و دیارترین تایبەتمەندیی ئەو تێگەیشتنی قوڵە لە مرۆڤ، بەتایبەتیش گەنج.
ئەو توانایەی ئەو هەیەتی، وایکرد یانەی ئەندەرلێختی بەلجیکی کە یەکێک لە دیارترین یانەکانی ئەو وڵاتەیە و لەسەر ئاستی ئەورووپاش ناوێکی دیارە، داوای گرێبەستی لێبکات و لەگەڵ ئەودا کار بۆ دۆزینەوەی بەهرەی نوێ و دروستکردنی یاریزان بکات، لە سەردەمی وەهبیدا زۆر یاریزانی دیار دەرکەوتن، لەوانە رۆمێلۆ لوکاکو و جێریمی دۆکۆ.
وەهبی کەسایەتییەکی ئارامی هەیە، کاتێک فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب پەیوەندیی پێوە دەکات بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەکە، بەبێ دوو دڵی رازی دەبێت، بەتایبەت کە ئەو پێش وەرگرتنی تیپی یەکەم، لەگەڵ لاوانی مەغریب نازناوی مۆندیالی خوار 20 ساڵانی بردبووەوە و لە رێگەی خۆیدا هەڵبژاردە گەورەکانی وەکو، بەرازیل، ئیسپانیا، فەرەنسا و ئەرجەنتینی تێپەڕاند.
راهێنەرە شیک پۆشەکەی مەغریب، لە پاڵ ئەوەی لە مۆندیالی ئێستادا بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، سەرقاڵی گەیشتنە بە خەونی گەورەتر، خەونی ئامادەکردنی تیپێکی زۆر بەهێزتر بۆ مۆندیالی داهاتوو کە لە مەغریب بەڕێوەدەچێت، هەر ئەوەش وایکردووە چەندین ناوی نوێ بۆ وەرگرتنی ئەزموون بباتە نێو تیپەکەی، لەوانە رێدوان هەلحال، زەکەریا وەحدی، سەمیر مورابیت، رایان بونیدا، یاسین جاسم و ئیسماعیل باوف.
وەهبی لە قسەکردندا ئارامە و لە بیرکردنەوەدا قووڵ، ئەو بە کەم رازی نابێت و پێیوایە ئەوەی تاوەکو ئێستا هێناویەتی بەس نییە بۆ رازیبوون و دەڵێت "دیاریی گەورە بردنەوەی نازناوی مۆندیالە" بۆیە بەرامبەر فەرەنسا، تاوەکو دوایین چرکە لەپێناو بردنەوەدا دەجەنگین.




