رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ ساڵ و 6 مانگ و 25 رۆژ، لە چیرۆکی یاریگای ئەل بەیتەوە لە قەتەر، تاوەکو یاریگای بۆستن، هەڵبژاردەی فەرەنسا دەیەوێت بردنەوەکەی بەرامبەر مەغریب دووبارە بکاتەوە و بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال.
ئەمشەو قۆناخی هەشتی مۆندیالی 2026 دەستپێدەکات، لە یارییەکی لووتکە و بەهێزدا کاژێر 23:00 هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و مەغریب لە بۆستن رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
فەرەنسا، لە مۆندیالی 2022 لە قۆناخی پێشکۆتاییدا سەرکەوتنی بەرامبەر مەغریب بەدەستهێنا و لە یەکەم یاریی قۆناخی هەشتی مۆندیالی 2026 چیرۆکی رووبەڕووبوونەوەی هەردوو تیپ دووبارەدەبێتەوە.
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە واڵسم دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، دیشام و یاریزانەکانی بە ئارامییەکی زۆرەوە دێنە یاریگای راهێنان و بەبەرزترین بیرکردنەوەوە خۆیان بۆ یارییەک ئامادەدەکەن، کە دەرچوون لێی ئاسان نییە.
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکەیە، دوای یارییەکەیان بەرامبەر پاراگوای رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەڵام هیچ قسەی نەکرد، دەیەوێت لە یاریگادا قسەی خۆی بکات و سەرکردایەتیی تیپەکەی بکات بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
مامزە فەرەنسییەکە تاوەکو ئێستا 7 گۆڵی لەم مۆندیالەدا تۆمارکردووە، دووەم گۆڵکاری مۆندیالەکە و دوووەم گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالە.
ئەمشەو کیلیان و فەرەنسا، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زەحمەتدان بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر گەیشتن بە یاریی پێشکۆتایی مۆندیال بکەن.
هەڵبژاردەی مەغریب، بەبێ گەڕانەوە بۆ یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی رابردوو، بەرامبەر فەرەنسا یاریی دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باش و ئەرێنییەکانی بدات.
هەڵبژاردەکە رۆژی چوارشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لە ماساچێست ئەنجامدا و تیپەکە بۆ رکابەرییەکی سەرنجڕاکێش ئامادەیە، بەڵام ئەوەی بۆ هاندەرانی تیپەکە جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە، یاریی نەکردنی ئیسماعیل سایباریی هێرشبەری هەڵبژاردەکەیە، کە تاوەکو ئێستا سێ گۆڵی لەم مۆندیالەدا تۆمارکردووە.
یاریزانەکە لە یاریی بەرامبەر کەنەدا لە خولەکی 22 بەهۆی پێکانەوە گۆڕانکاریی پێکرا و لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەشدا ئامادەنەبوو، بۆیە ئەمشەو ناتوانێت یاریی بکات.
مەغریب وەکو هەڵبژاردەیەکی بەهێزی مۆندیال دەرکەوتووە، هیچ یارییەکی لە 5 یاریی رابردوودا نەدۆڕاندووە، لە رێگەی خۆیدا بەرامبەر بەرازیل و هۆڵەندا یارییکردووە و لە قۆناخی رابردووشدا لە کەنەدای میوانداری مۆندیالی بردووەتەوە.
ئەم یارییە بۆ یاریزانەکانی مەغریب تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبێت، بەوپێیەی بەرامبەر تیپێکی پڕ لە ئەستێرە یاریی دەکەن، جگە لەوەش بەشێکی یاریزانەکانیان زۆر لە نزیکەوە یەکدی دەناسن، حەکیمی بەرامبەر ئێمباپێ، دێمبێلێ و دێزرێ دۆوێ یاریی دەکات کە پەیوەندییەکی بەهێزیان بەیەکەوە هەیە، بەڵام پێویستە ئەمشەو یەکێک لە هەردوولا ماڵئاوایی بکات.




