رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئەورووپا جەنگی تووندی لە دژی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) راگەیاند، پاشئەوەی ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانەکە، داوای لێکۆڵینەوەیان لەگەڵی کرد.
ئینفانتینۆ کە خۆی سویسرییە، لەماوەی رابردوودا مشتومڕی زۆری نایەوە، پاشئەوەی لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کارتی سووری فۆلارین بالۆگۆنی یاریزانی ئەمریکا و راگرتنی بۆ یارییەک، هەڵوەشاندەوە.
بالۆگۆن کە لە یاریی ئەمریکا بەرامبەر بۆسنە بەکارتی سوور کرابووە دەرەوە، دەبوو بەشداریی یاریی نێوان بەلجیکا و ئەمریکا نەکات، بەڵام لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ، راگرتنەکەی لەلایەن لیژنەی رێککاری فیفاوە هەڵوەشێنرایەوە و بەشداریی لەو یارییەدا کرد کە هەڵبژاردەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێک دۆڕا.
سڕکردنی راگرتنەکەی بالۆگۆن، مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە و ئینفانتینۆ بەخاترگرتنی ئەمریکا و ملکەچبوون بۆ داواکاریی سەرۆکی وڵاتەکە، تۆمەتبارکرا.
میدیای ئەورووپا ئاشکرایانکردووە، 72 ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، گفتوگۆیان لەگەڵ 27 سەرۆک فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێوخۆی کیشوەرەکە کردووە، بۆ ئەوەی داوای لێکۆڵینەوە لە ئینفانتینۆ بکەن، بەهۆی لابردنی سزای کارتەکە لەسەر بالۆگۆن.
ئەوە یەکەمجار نییە، پەرلەمانی ئەورووپا لە دژی سەرۆکی فیفا و بڕیارەکانی دەوەستێتەوە، پێشتر لە کۆتاییەکانی مانگی شەشی ئەمساڵدا، 50 ئەندام پەرلەمانی ئەورووپا، داوای لێکۆڵینەوەیان لە ئینفانتینۆ کرد، بەهۆی پێدانی خەڵاتی ئاشتیی فیفا، بە دۆناڵد ترەمپ.
پەرلەمانی ئەورووپا پێیوایە، سەرۆکی فیفا بنەمای بێلایەنیی سیاسیی کە رێکخراوەکەی بانگەشەی بۆ دەکات، پێشێلکردووە، بەتایبەت پاشئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، خۆی ئاشکرایکرد کە داوای لە سەرۆکی فیفا کردووە، پێداچوونەوە بەسزای راگرتنی بالۆگۆندا بکەن.
ئینفانتینۆ لای خۆیەوە، هەموو جۆرە دەستتێوەردانێکی سیاسی لەکارەکانی فیفادا رەتدەکاتەوە و دووپاتیدەکاتەوە کە دەستەکانی سەر بە فیفا، بێلایەنانە کاردەکەن و ملکەچی داواکاریی هیچ سیاسییەک نابن.




