رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم حەسەن، بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی میسر، نهێنی ئاماژەکەی حوسام حەسەنی برای و راهێنەری فیرعەونەکانی لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەی دوێنێ سێشەممە بەرامبەر ئەرجەنتین ئاشکرا کرد، کە بە سەرکەوتنی تانگۆ بەئەنجامی 3-2 کۆتاییهات لە قۆناخی 16ـی مۆندیالی 2026.
هەڵبژاردەی میسر بە دوو گۆڵ کە یاسر ئیبراهیم و مستەفا زیکۆ تۆماریان کردن پێشکەوت، پێش ئەوەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە خولەکەکانی کۆتاییدا ئەنجامەکە پێچەوانە بکاتەوە لە رێگەی کریستیان رۆمیرۆ، لیۆنێل مێسی و دواتر ئینزۆ فێرناندێز کە گۆڵی سەرکەوتنی لە خولەکی 2ـی کاتی زیادکراودا تۆمارکرد و تانگۆی گەیاندە قۆناخی چارەکی کۆتایی.
یاریزانان و دەستەی کارگێڕیی فیرعەونەکان دوای گۆڵی سێیەمی ئەرجەنتین ناڕەزایەتییان بەرامبەر ناوبژیوانی فەرەنسی فرانسوا لیتیکسیێر دەربڕی، بەو بیانووەی لە سەرەتای هێرشەکەدا فاوڵ بۆ میسر هەبووە. گرژییەکان لەسەر کورسی یەدەگ لەگەڵ نزیکبوونەوەی فیكەی کۆتایی زیادیان کرد، چونکە ناوبژیوان لە خولەکی 98 کارتی زەردی بۆ یەکێک لە ئەندامانی دەستەی هونەری میسر بەرزکردەوە، پێش ئەوەی حوسام حەسەن ئاماژەی "X" ئاراستەی ناوبژیوان بکات، لە دیمەنێکدا کە بووە جێگەی پرسیار.
ئەم ئاماژەیە لە هەندێک حاڵەتدا بۆ ئاگادارکردنەوە لە رووداوە رەگەزپەرستییەکان بەکاردێت، بەڵام روون نەبوو کە ئایا حوسام حەسەن مەبەستی بەکارهێنانی بەو مانایە بووە یان نا.
ئیبراهیم حەسەن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە رێگەی کەناڵی ئێم بی سی میسرەوە، نهێنی ئاماژەکەی حوسامی روونکردەوە و گوتی "رێنمایی لە فیفاوە هەیە لە ژووری گۆڕینی جلوبەرگ، کە ئەم ئاماژەیە کاتێک بەکاردێت کە بتەوێت دەریبڕیت کە ستەمت لێکراوە".
گوتیشی "حوسام حەسەن بەو ئاماژەیە ناوبژیوانی شەرمەزار کرد، بۆیە ناوبژیوانەکە چوو بۆ لای و هەڕەشەی لێکرد و ئاگادارکردنەوەی پێدا، ویستیشی لە یاریگا دەری بکات".
لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "ناوبژیوان نەیدەزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ حوسام حەسەن بکات، ئایا پابەند بێت بە رێنماییەکانی فیفا بەتایبەت کە ئاماژەیەکی رێپێدراوە، یان ئەو کینەیەی لە ناخیدایە نیشانی بدات و دەری بکات".
هەروەها گوتی "پێش یارییەکە فیلمێک دروستبوو بەهۆی ناڕەزایەتی ئەرجەنتین بەرامبەر ناوبژیوانە فەرەنسییەکە، بەڵام ئێمە لە کۆتاییدا باجەکەمان دا، نازانین ئەمە بە فەرمان بووە یان بە ویستی ناوبژیوان".
ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە لە ناو یاریگا نەدۆڕاین، هیچ کێشەیەکمان نییە کاتێک لە ناو یاریگا بدۆڕێین، بەڵام ئێمە یاریمان کرد و 3 گۆڵمان تۆمار کرد (کە دانەیەکیان هەڵوەشایەوە)".
لە کۆتاییدا گوتی "رۆژگار سەلماندی کە هەڵبژاردەی میسر دەتوانێت رووبەڕووی هەر رکابەرێک ببێتەوە، حوسام هەمیشە پێش یارییە دۆستانەکەی بەرازیل بە یاریزانەکانی دەگوت 'بڕوات بە خۆت هەبێت'، هەموو یارییەکان 11 یاریزان دژی 11 یاریزانی دیکەیە، هەرکەسێک سووربوونی هەبێت دەباتەوە".




