رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەی تایبەتی یاریزانانی هەڵبژاردەی بەرازیل گەڕایەوە شاری ریۆ دی جانێرۆ، پاشئەوەی هەڵبژاردەکە ماڵئاوایی لە مۆندیالی ئەمساڵ کرد، لە قۆناخی شانزەدا، سەرنجڕاکێش ئەوەبوو کە تەنیا یەک یاریزان، لە کۆی سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەکە لە نێو فڕۆکەکەدا بوو.
میدیای بەرازیل بەسەرسوڕمانەوە هەواڵەکەیان گواستووەتەوە، دەڵێن ئەوە خۆدزینەوەی یاریزانانە، لە رووبەڕووبوونەوەی هاندەران، پاشئەوەی وڵاتێکی زیاتر لە 200 ملیۆن دانیشتوانیان، بێئومێدکرد.
بەرازیل پاش دۆڕان بە نەرویج بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، لە قۆناخی شانزەی مۆندیال کرایە دەرەوە.
ئەگەرچی ژمارەیەکی بەرچاوی یاریزانانی هەڵبژاردەکە، لە سۆشیال میدیای خۆیانەوە، پەیامی خەمباری و دڵتووندی و داوای لێبوردنیان بۆ هاندەران نووسی، بەڵام وەک میدیای بەرازیل دەڵێن، ئەوە هیچی لەو راستییە نەگۆڕی کە هاندەران هەستدەکەن، یاریزانەکان کەمتەرخەم و بێباک بوون، لەئاست ئەرکەکەیاندا.
بەپێی ئەوەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی بەرازیل ئاشکرایانکردووە، رۆژی یەکشەممە، دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکە، ئازادیی گەڕانەوەیان داوەتە یاریزانەکان، هەریەکە و بەلایەکدا رۆیشتووە، تەنیا دانێلۆ بەفڕۆکەی هەڵبژاردەکە گەڕاوەتەوە وڵاتەکە.
یاریزانانی هەڵبژاردەی بەرازیل، ئەوانەی لە یانەکانی ئەورووپا پیشەگەرن، پشووی هاوینەی خۆیان دەستپێکرد و کاتەکە زووتربوو لەوەی پێشبینییان دەکرد، لە کاتێکدا یاریزانانی خولی نێوخۆی بەرازیل، تەنیا یەک هەفتە پشوو وەردەگرن و دەست بەئامادەکارییەکانی وەرزی نوێی وڵاتەکەیان دەکەن، کە بڕیارە پاش هەفتەیەک لە کۆتایی هاتنی مۆندیال، وەرزی نوێی دەستپێبکاتەوە.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دانێلۆ و ژمارەیەک لە شاندی هەڵبژاردەکە، کە لەنێویاندا دەستەی راهێنەران و کارگێڕیی و کارگوزارانی هەڵبژاردەکە هەبوون، بە فڕۆکەی هەڵبژاردەکە، گەڕاونەتەوە ریۆ دی جانێرۆ.
تاکە یاریزانی نێو فڕۆکەکە جگە لە دانێلۆ، لیۆ نانێتیی گۆڵپارێز بووە کە ئەویش ناوی لە نێو لیستی هەڵبژاردەکەدا نەبوو، تەنیا هاوکاریی گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەکەی دەکرد لەلایەنی تەکنیکی و مەشقەکان.
هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیالی ئەمساڵدا، ئاستێکی باشی پێشکەش نەکرد و لە پاش چوونە دەرەوەی لە پاڵەوانێتییەکە، رووبەڕووی رەخنەی زۆری میدیای نێوخۆی وڵاتەکە بووەوە.




