رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای سەرکەوتنیان بەرامبەر هەڵبژاردەی میسر و گەیشتن بە قۆناخی هەشتی مۆندیالی 2026 دەڵێت "کاتێک لێدانە سزاکەم لەدەستدا بێزار بووم".
مێسی دوای یارییەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئەگەر لەو ساتەدا لێدانە سزاکەم بکردایە بە گۆڵ، یارییەکە دەگۆڕا، چونکە یارییەکی باشمان دەکرد. جگه لە لێدانە سزاکەش، چەندین هەلی روونمان هەبوو کە گۆڵپارێزەکە تێیدا بەرپەرچدانەوەی سەرسوڕهێنەری هەبوو. خۆشبەختانە لە کۆتاییدا توانیم گۆڵ تۆمار بکەم. زۆر تایبەتە کە بتوانیت هاوکاری ئەم گروپە بکەیت دوای ئەوەی لە ناوخۆدا روویدا. من زۆر دڵخۆشم."
لیۆ لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت "ئێمە هەلمان دروست کرد، بەڵام راستە کاتێک ئەوان 2-0 لەپێش بوون، دۆخەکە زۆر خراپ دیار بوو. خۆشبەختانە ئەم تیپە جارێکی دیکە کەسایەتی خۆیان نیشان دایەوە. وەک گوتوومە، ئەوان هەرگیز لە رکابەریکردن و هەوڵدان ناوەستن. سوپاس بۆ خودا توانیمان جارێکی دیکە ئەنجامی بدەینەوە." زۆر جار گوتوومە و دیسانیش دەیڵێمەوە؛ ئەمە تیپێکە کە رکابەری دەکات، هەمیشە باشترینی خۆیان پێشکەش دەکەن، گروپێکە هەرگیز کۆڵ نادەن و هەرگیز دەستەوسان نابن. هەر لەبەر ئەوەشە هەموو ئەو دەستکەوتانەمان بەدەستهێنا کە هەمانە. نیشاندانی کەسایەتی، شانازی، خۆشەویستی و هەوڵدان بوو. من زۆر دڵخۆشم و شانازی بەم تیپەوە دەکەم. ئەوان هەموو رۆژێک ئەوە دەسەلمێنن کە هەرگیز لە هەوڵدان ناوەستن."
مێسی باسی لەدەستدانی لێدانە سزاکەی بەرامبەر میسر دەکات و گوتی "ئەمە بۆ هەمووان حەسانەوە بوو. من بەهۆی لەدەستدانی لێدانە سزاکە و شێوازی لێدانەکەم زۆر بێزار بووم. هەستم دەکرد لە ساتێکی گرنگدا گروپەکەم نائومێد کردووە، بەڵام خۆشبەختانە شتێکی تایبەت بۆ کۆتایی بۆ من هەڵگیرابوو. توانیم گۆڵی یەکسانبوونەوە تۆمار بکەم. ئەوە حەسانەوەیەکی گەورە و دڵخۆشییەکی بێوێنە بوو بۆ ئێمە و بۆ هەموو ئەو خەڵکەی کە جارێکی دیکە بۆ پاڵپشتیمان هاتبوون."
لیۆنێل مێسی، لە مۆندیالی 2026 تاوەکو ئێستا هەشت گۆڵی تۆمارکردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی مۆندیالی گرتووە، بەشێوەیەکی گشتیش خاوەنی 21 گۆڵە و گۆڵکاری مێژووی مۆندیالە.




