رووداو دیجیتاڵ
حوسام حەسەن، راهێنەری هەڵبژاردەی میسر بە تووڕەییەکی زۆرەوە قسەدەکات و دەڵێت ئەرجەنتین بەهیچ شێوەیەک شایستەی سەرکەوتن نەبووە و ناوبژیوان کەوتە ژێر کاریگەریی ناڕەزایەتیی ئەرجەنتینییەکان و ئیدی سەیری یارییەکانی مۆندیال ناکەمەوە".
حوسام حەسەن، دوای دۆڕانی تیپەکەی بەرامبەر ئەرجەنتین و کرانە دەرەوەیان لەو مۆندیالدا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێمە لە هەموو شتێکدا باشترین بووین، بەڵام بۆ ئەنجامەکە هۆکاری کاریگەر هەبوون، نەک دەرەکی، بەڵکو ناوخۆیی لەسەر یاریگاکە، دەرەکیش پێش یارییەکە. روونە ئەو گوشارەی لایەنی ئەرجەنتینی پێش یارییەکە خستیانە سەر ناوبژیوان سەرکەوتوو بوو، چونکە ئەوان ناڕەزایییان بەرامبەر ناوبژیوانەکە دەربڕی و باسی فەرەنسا و هەڵبژاردەی فەرەنسایان کرد. دەمەوێت بڵێم، لە ژیاندا هەر کەسێک کارەکان بە رێگای ڕاستدا بکات، رووبەڕووی سەختی دەبێتەوە. تاوەکو ئەو کاتەی بە رێگای راستدا بڕۆیت، ئازار دەچێژیت. ئێمە بە رێگای راستدا رۆیشتین، ئازارمان چێشت، بەهۆی هۆکارە دەرەکییەکانەوە زیانمان پێگەیشت."
راهێنەری میسر باس لە وەرگرتنی مافەکانیان دەکات و پێیوایە مافیان نادرێت، لەو بارەیەوە گوتی "مافی خۆمان بوو بیبەینەوە، و نامەوێت بڵێم بەداخەوە بۆ خۆمان، نەخێر. ئێمە بە سەربەرزییەوە چووینە دەرەوە، سەربەرزی لە لایەن خۆمانەوە. بەڵام ئەنجامی کۆتایی، جگە لەوەی بە قورسی کاری تێکراوە، زۆر دوورە لەو 'یارییە خاوێنەی کە فیفا باسی دەکات، زۆر دوورە لە رێزگرتن. نە رێز هەبوو و نە یاری خاوێن. ئەمڕۆ هیچ رێز و یارییەکی خاوێن بوونی نییە."
حوسام حەسەن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ژیان و جیهان هێشتا دادپەروەر نین. جیهان دادپەروەر نییە! بەڵام ئەگەر دادپەروەری لە ژیانی ئاساییدا بوونی نەبێت، ئایا نابێت لە تۆپی پێدا هەبێت؟ ئایا لە وەرزشدا دادپەروەری نییە؟ نییە. من لەو بڕوایەدا نیم، متمانەم بەم یارییە نییە. من شانازی بەوەوە دەکەم کە تیپەکەم پێشکەشی کرد، بەڵام بە تەواوی بێبەریم لەوەی لە یارییەکەدا روویدا. من وشەی ڕازاوە و زمانلووسی بەکارناهێنم کە بڵێم: 'بەداخەوە، تیپێکی باش بوو، ئەنجامێکی باش بۆ ئەرجەنتین.' نەخێر، هەرگیز ئەوە ناڵێم. دەڵێم کە بە کارێکی ئەنقەست زوڵمێکی قووڵمان لێکرا."
راهێنەری میسر لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەوە زیاتر قسەیکرد و دەڵێت "بەڵێ، من ناڕازیم و ئێمە وەک وشترمل سەرمان لەناو خۆڵدا نانێین. نەخێر، دەڵێم هیچ متمانەیەک بەو رووداوانە نییە کە روویاندا. بەڵام من شانازی بە تیپەکەمەوە دەکەم، شانازی بە وڵاتەکەم، شانازی بە ناسنامەی عەرەبیم دەکەم و شانازی دەکەم کە خەڵکی جیهانی عەرەبیم. شانازی دەکەم کە ئەفریقیم و نوێنەرایەتی نەتەوەیەکی عەرەبیی ئەفریقی دەکەم. ئێمە هێشتا دوورین لەوەی لە هەموو شتێکدا ئەوەمان دەست بکەوێت کە شایستەین؛ ئێمە مافەکانمان وەرناگرین. مافەکانمان پێ نادریت."
لە کۆتایی قسەکانیدا راهێنەری هەڵبژاردەی میسر دووپاتیدەکاتەوە کە ئەنجامە شایستەی ئەرجەنتین نەبووە و گوتی "بردنەوەکەی ئەرجەنتین بە تەواوی نەشیاو و ناشایستەیە. بەڵێنتان پێ دەدەم، هەر کە ئەمڕۆ گەڕامەوە، هەرگیز سەیری یارییەکی ئەم مۆندیالە ناکەمەوە، چونکە هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە. ناڕەزایەتییە کەسییەکەی من ئەوەیە کە چی دیکە سەیری ئەم مۆندیالە ناکەمەوە. کاتێک دەگەڕێمەوە ماڵەوە و بۆ وڵاتی خۆمان، سەیری ناکەم."
ئەم تووڕەییەی حوسام حەسەن، لە ئەنجامی یارییەکەیان بەرامبەر ئەرجەنتین لە کاتێکدایە، تیپەکەی بە دوو گۆڵ لەپێشەوە بوو، بەڵام 3-2 دۆڕا و ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.




