رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین توانی بلیتی گەیشتن بە قۆناخی 8 مۆندیالی 2026 ببڕێت، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی زەحمەت و پڕ لە درامای بەسەر هەڵبژاردەی میسردا بەدەستهێنا بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ، لەو یارییەی کە شەوی سێشەممە لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناخی ١٦ی پاڵەوانێتییەکەدا بەڕێوەچوو.
هەڵبژاردەی میسر یارییەکەی بە باشترین شێوە دەستپێکرد و لە خولەکی 15دا دەسپێشخەرییان کرد، کاتێک عەتیە تۆپێکی کورتی بۆ ناو ناوچەی
سزا نارد و یاسر ئیبراهیمی بەرگریکار بە لێدانێکی سەری بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد و جۆشوخرۆشی خستە نێو هاندەرانی میسرەوە. لە خولەکی 21دا، ئەرجەنتین هەلێکی زێڕینی بۆ گەڕانەوە بۆ یارییەکە بۆ رەخسا کاتێک ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ئەژمار کردن، بەڵام لیۆنێل مێسی نەیتوانی تۆپەکە بخاتە نێو گۆڵ و مستەفا شوبێر، گۆڵپارێزی میسر بە کاردانەوەیەکی مێژوویی بەرپەرچی دایەوە، کە ئەمە دووەم لێدانی سزاییە شوبێر لەم مۆندیالەدا بیگەڕێنێتەوە دوای ئەوەی بەرامبەر ئێرانیش هەمان درەوشانەوەی هەبوو.
لە گێمی دووەمدا و لە خولەک 58، ناوبژیوان گۆڵێکی دیکەی میسری بەهۆی فاوڵەوە هەڵوەشاندەوە، بەڵام کوڕانی میسر کۆڵیان نەدا و لە خولەکی 68دا، مستەفا زیکۆ دوای هێرشێکی هەڵگەڕاوە کە محەممەد سەڵاح و هەیسەم حەسەن دروستیان کرد، گۆڵی دووەمی بۆ میسر تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کردە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر.
لە کاتێکدا زۆربەی بینەران پێیان وابوو میسر دەگاتە قۆناخی دواتر، ئەرجەنتینییەکان لە دە خولەکی کۆتاییدا گەڕانەوەیەکی بێوێنەیان کرد، سەرەتا لە خولەکی 80 کریستیان رۆمیرۆ بە لێدانی سەر و لەسەر ئەسیستی مێسی جیاوازییەکەی کەمکردەوە، پاشان لە خولەکی 83 لیۆنێل مێسی بە لێدانێکی چەپی بەهێز هەڵەکەی خۆی چاککردەوە و گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد، لە کۆتاییشدا و لە خولەکی 92، ئینزۆ فێرناندێز گۆڵی سێیەم و سەرکەوتنی بۆ تانگۆ تۆمارکرد و مێزی یارییەکەی بەسەر میسرییەکاندا سەرەوژێر کردەوە. بەم سەرکەوتنە ئەرجەنتین بەردەوامە لە گەشتەکەی بۆ پاراستنی نازناوەکەی و
هەڵبژاردەی میسریش سەرەڕای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز، ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.




