رووداو دیجیتاڵ
دوایین یاریی قۆناخی شازدەی مۆندیالی 2026 لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی سویسرا و کۆڵۆمبیا بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردەی سویسرا رۆژی دووشەممە لە ڤانکۆڤەر دوایین مەشقی کرد، لە پێشوازی رووبەڕووبوونەوەی قۆناخی 16ـی مۆندیال بەرامبەر کۆڵۆمبیا، لەو یارییەدا کە کاژێر 23:00 بەڕێوەدەچێت.
تیپەکەی مورات یاکین بە متمانەیەکی زۆرەوە دەچنە ناو یارییەکە، ئەمەش دوای سێ بردنەوەی یەک لە دوای یەک لەم مۆندیالەدا، کە دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ سوور پووشەکان.
ئەوان بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەم سەرکەوتن بۆ قۆناخی یەکلاکەرەوە، لە پێش کەنەدای میوانداری مۆندیال، دوای ئەوە لە قۆناخی 32دا بە ئاسانی و بە ئەنجامی 2-0 لە جەزائیریان بردەوە.
سویسرییەکان چاویان لەوەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1954ەوە بگەنە قۆناخی چارەکی کۆتایی، و وەک پاڵێوراو دەستپێدەکەن بەرامبەر کۆڵۆمبیا، بەڵام لە کۆی چوار رووبەڕووبوونەوەیان لە بەرامبەر رکابەرەکەی رۆژی سێشەممە، تەنیا یەکجار بردنەوەیان بەدەستهێناوە.
هەرچەندە دوایین یاریی فەرمیی نێوانیان، کە دۆڕانێکی 2-0 بوو، 32 ساڵ پێش ئێستا لە مۆندیالی 1994 بوو، کاتێک زۆربەی یاریزانانی ئێستای پێکهاتەکە هێشتا لەدایک نەببوون.
یۆهان مانزامبی، یاریزانی ناوەڕاستی یانەی فرایبۆرگ، گۆڵکاری سویسرایە لەم پاڵەوانێتییەدا بە 3 گۆڵ، و ئەم یاریزانە 20 ساڵانە دوو ئەسیستیشی هەیە.
سویسرییەکان جارێکی دیکە لەلایەن گرانیت ژاکاوە سەرکردایەتی دەکرێن، کە لە بردنەوەکەی بەرامبەر جەزائیر 150یەمین یاریی نێودەوڵەتی خۆی بۆ وڵاتەکەی ئەنجام دا.
هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا یەکێک لەو هەڵبژاردانەیە تاوەکو ئێستا لە مۆندیالدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال، کاتێک بەرامبەر سویسرا یاریی دەکات.
هەڵبژاردەکە دوایین مەشقەکانی لە ڤانکۆڤەر ئەنجامدا و بەتەواوی بۆ رووبەڕوبوونەوەکە ئامادەیە، کافێتێرۆس بە یەکەمی کۆمەڵەی دوازدەیەم گەیشتە قۆناخی 32ـی مۆندیال، دوای ئەوە پێش پۆرتوگال کەوتن، پاشان سەرکەوتنیان بەرامبەر گانا بەدەستهێنا و شوێنی خۆیان لەم قۆناخەدا کردەوە.
تیپەکەی لویس دیاز و خامێس رۆدریگێز، بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەیەوێت قۆناخێکی دیکەی مۆندیال ببڕێت.
کۆڵۆمبیا 7 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، تەنیا یەکجار لە مۆندیالی 2014 گەیشتووەتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە، ئەمجارە دەیەوێت ئەو دەستکەوتەی دووبارەبکاتەوە و زیاتر بچێتە پێشەوە.
لە قۆناخی داهاتوودا براوەی ئەم یارییە بەرامبەر براوەی ئەرجەنتین و میسر یاریی دەکات.




