رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، بۆ یارییەکی دیکەی لووتکە ئامادەیە و نایەوێت بە رێگەی کریستیانۆ رۆناڵدۆدا بڕوات و ماڵئاوایی لە مۆندیال بکات.
ئەرجەنتین ئەم ئێوارەیە لە درێژەی یارییەکانی قۆناخی شازدەی مۆندیالدا، کاژێر 19:00 بەرامبەر هەڵبژاردەی میسر یاریی دەکات، لیۆنێل مێسی، سەرەڕای ئەوەی لە یاریی رابردوودا 120 خولەک یارییکردووە، بەڵام بۆ یارییەکە ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
لیۆ ئەو ئەفسانەیەی کە خەونی هەموو ئەرجەنتییەکانە و هیوای گەلێکە، ئەو ئەستێرەیەکە، ئەرجەنتییەکان لەپێناویدا دەمرن، ئەو گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالە بە تۆمارکردنی 20 گۆڵ و گۆڵکاری ئێستای مۆندیالە بە تۆمارکردنی 7 گۆڵ، هاوشانی کیلیان ئێمباپێ و ئێرلینگ هالاند.
ئەفسانە نایەوێت ئەو رێگەیەی رۆناڵدۆ و نەیمار پێیدا رۆیشتن تاقیبکاتەوە، بۆیە پێویستە یارییەکەی ئەمشەویان ببەنەوە.
ئەرجەنتین پێشتر دووجار بەرامبەر میسر یارییکردووە، هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە، ئەمجارەش دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە قۆناخێکی نوێی مۆندیال بەخۆیەوە ببینێت.
بەپێی هەواڵی میدیای ئەرجەنتین، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری ئەرجەنتین گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکیدا بکات و جولیان ئەلڤارێز لە شوێنی لاوتارۆ مارتینێز بە سەرەکی یاریی بکات.
سکالۆنی لەبارەی یارییکردنی مێسییەوە گوتی "وەکو دیارە لیۆ بارودۆخی باشە. هیچ کێشەیەکی رانەگەیاندووە سەرەڕای ئەوەی لە تەمەنی 39 ساڵیدا لە یارییەکەی پێشوودا 120 خولەک یاریی کردووە. ئەگەر کێشەیەکیشی هەبووبێت، بە منی نەگوتووە، بۆیە هەر چۆنێک بێت یاری دەکات. میسر تیپێکی زۆر باشە."
خاوەنی یەکێک لە حەوت شتە سەرسوڕهێنەرەکانی جیهانە، 120 ملیۆن هاندەر پاڵپشتیی دەکەن، چەندین ساڵی رابردوودا، ئەستێرەی یەکەمی نەخشەی تۆپی پێی عەرەبی و کیشوەری ئەفریقا بووە، هەرکاتێک پرسیاری یەک ناو دەکەیت، هەمووان ناوی ئەو دەڵێن، باسی عادل ئیمام ناکەم، ئەوەی من دەیڵێم محەممەد سەڵاحە، ئەو ئەستێرەیەی لە خولی میسرییەوە گەیشتە لووتکەی تۆپی پێی ئەورووپا و ئەم ئێوارەیە رکابەریی لیۆنێل مێسی دەکات.
محەممەد سەڵاح و میسر، بۆ یارییەکی مێژوویی و لووتکە ئامادەن، دەیانەوێت مێژووییەکی هەمیشەیی و گەورە بەناوی خۆیانەوە بکەن و رێگای چوونە دەرەوەی نەیمار و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مۆندیالدا پێشانی لیۆ بدەن.
هەڵبژاردەی میسر لە ماریێتا ویلایەتی جۆرجیا دوایین ئامادەکارییەکانیان بۆ یاریی بەرامبەر ئەرجەنتین ئەنجامدا، ئەمە یەکێک لە گەورەترین یارییەکانی هەڵبژاردەکە و هەلی ئەوەیان هەیە سوپرایزێکی گەورە و مێژوویی تۆماربکەن.
میسر لە کۆمەڵەکەیدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا و لە قۆناخی رابردووشدا سەرکەوتنی بەرامبەر ئوسترالیا بەدەستهێنا، ئەمجارە ئەرکیان قورسترە و یارییەکەشیان زەحمەتترە.
پێشتر دووجار میسر بەرامبەر ئەرجەنتین یارییکردووە، ئەرجەنتین هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە.
لە قۆناخی داهاتوودا براوەی یاریی میسر و ئەرجەنتین بەرامبەر براوەی یاریی سویسرا و کۆڵۆمبیا یاریی دەکات.




