رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکدا کە پێش ئەوەی ئەنجامبدرێت مشتومڕی زۆری دروستکرد، هەردوو هەڵبژاردەی ئەمریکا و بەلجیکا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) سزای راگرتنی فۆلارین بالۆگنی بۆ یەک یاری هەڵپەسارد و یاریزانەکە بۆ یارییەکی لووتکەی قۆناخی شازدەی مۆندیال ئامادەیە، کاتێک هەڵبژاردەکەی بەرامبەر بەلجیکا یاریی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە کاژێر 03:00 لە درێژەی یارییەکانی قۆناخی شازدەی مۆندیالدا، ئەمریکا بەرامبەر بەلجیکا یاریی دەکات، پێش ئەنجامدانی یارییەکە هەرچەند لە یاریی بەرامبەر بۆسنە کارتی سووری پێدرابوو، بەڵام فیفا سزای سڕکردنی فلۆریان بالۆگون یاریزانی هەڵبژاردەی ئەمریکای هەڵگرت و ئەو یاریزانە ئامادەیە بۆ یارییکردن.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، کۆشکی سپی پەیوەندیی بە فیفاوە کردووە و داوایکردووە پێداچوونەوە بە سزای ئەو یاریزانەدا بکرێت، دوای لابردنی سزاکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی بڕیارەکەی فیفای کرد.
ئەمریکا تاکە وڵاتی میوانداری مۆندیالە لە رکابەرییەکەدا مابێتەوە، دوای ئەووەی کەنەدا و مەکسیک ماڵئاواییانکرد و دوای 24 ساڵ دەیەوێت جارێکی دیکە بگاتەوە قۆناخی هەشتی مۆندیال.
هەڵبژاردەی بەلجیکا نیگەرانە لە هەڵگرتنی سزای سەر فلۆریان بالۆگون، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەمریکا و ئەوە بە نادادپەروەری دەزانێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوی لەوەیە یارییەکە بباتەوە و بگاتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەلجیکا دوای بڕیارەکەی فیفا راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەمان یاسا و ماددەیە بۆ سزادانی یاریزانێک کە کارتی سووری راستەوخۆ وەربگرێت، بۆیە هیچ دادپەروەریی تێدانییە سزای ئەو یاریزانە هەڵبگیرێت.
بەلجیکا دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی بەرامبەر ئەمریکا لە سیاتل ئەنجامدا، تیپەکە بەتەواوی بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە ئامادەیە، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوویدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەرامبەر سەنیگال بەدەستهێنا.
بەلجیکا لە مۆندیالی رابردوودا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کرایە دەرەوە، دەیەوێت لەم مۆندیالەدا هاوشێوەی 2014 و 2018 ئەنجامێکی باشی هەبێت، بۆ ئەوەش پێویستە لە ئەمریکا بباتەوە.
بەلجیکا 7 جار بەرامبەر ئەمریکا یارییکردووە، دووجار لە مۆندیالدا بووە، تەنیا یەکجار دۆڕاوە و شەش جار لەو هەڵبژاردەیەی بردووەتەوە.




