رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، شەڕی مان و نەمان دەکات، بۆ مانەوە لەسەر ستەیجی گەورەترین پاڵەوانێتیی جیهان، ئەمجارە ئەو بەرامبەر تیپێکی بەهێزتر و توکمەتر یاریی دەکات، ئەمجارە دەیەوێت بە قوتابییەکانی بڵێت هێشتا من لێرەم و کاتی ئێوە زۆری ماوە.
دۆن لە دوایین دەرکەوتنیدا دەڵێت "ئەمە دوایین مۆندیالی منە"، کەواتە ئەمشەو دەکرێت دوایین دەرکەوتنی بێت و ماڵئاوایی بکات، یان نەخێر ئەو هێشتا زیندوویەتی خۆی دووپاتدەکاتەوە و سەرکردایەتیی پۆرتوگال دەکات بەرەو قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
رۆناڵدۆ و پۆرتوگال، بە بیرهاتنە سەنگینەکەی نەیشنسلیگەوە بەرامبەر ئیسپانیا یاریی دەکەن، کاتێک لە یاریی کۆتاییدا نازناوەکەیان بردەوە، ئەمشەو کاژێر 22:00 جارێکی دیکە هەردوولا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
ئەمشەو ملیۆنان چاو لەسەر یاریگای دالاس دەبن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە 90 خولەک یاریی یەکێک لە گەورەترین ئەفسانەکانی تۆپی پێ و باشترین گۆڵکاری جیهان ببینن.
پۆرتوگال لە یاریی رابردوودا سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر کرواتیا بەدەستهێنا، لەو یارییەدا رۆناڵدۆ یەکەم گۆڵی خۆی لە قۆناخی کرانە دەرەوەی مۆندیالدا تۆمارکرد، ئەمجارە پۆرتوگالییەکان پێویستییەکی زیاتریان بە گۆڵەکانی دۆن هەیە بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخی هەشتی مۆندیال.
رکابەرەکەی رۆناڵدۆ گەنجێکی تازەپێگەیشتووی بەهرەمەندە، لامین یامال، ئەو گەنجەیە و دەیەوێت بڵێت ببورە، کریس ئێستا کاتی ئێمەیە.
ئەوەی ئەمشەو دەیەوێت ملیۆنان هاندەری کریستیانۆ رۆناڵدۆ دڵتەنگ بکات و کۆتایی بە کاروانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بهێنێت، لاوێکی بەهرەمەندی ئیسپانییە، ئەو بە جوڵەکانی، بە بڕینەکانی، بە گۆڵەکانی چێژێکی زیاتر دەبەخشێتە یاریگا و زۆرن ئەوانەی پێیانوایە ئەو یەکێکە لەو یاریزانانەی داهاتوویەکی گەورەی دەبێت و شایستەی ئەوەیە پارە بدەیت بۆ ئەوەی یارییەکانی ببینێت، ئەوەی باسی دەکەم لامین یامالە.
لامینی 18 ساڵە، یەکەمجارە لە مۆندیالدا یاریی دەکات، ئیسپانیا لە سێ مۆندیالی رابردوودا لە قۆناخی شازدە تێنەپەڕیووە و ئەو دەیەوێت ئەو گرێیەیەی هەڵبژاردەکە بکاتەوە، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە تیپەکەی رۆناڵدۆ بنێرێتەوە لیسبۆن.
لارۆخا لە دالاس دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، جگە لە نیکۆ ویلیامز کە پێکانی هەیە هەموو یاریزانەکانی دیکەی تیپەکە ئامادەن.
میکێل ئۆیارزابال، ئەستێرە و گۆڵکاری هەڵبژاردەکەیە لەم مۆندیالەدا، ئەو کەم ناوی دەهێنرێت، بەڵام 4 گۆڵی بۆ تیپەکە تۆمارکردووە و دەیەوێت لەسەر ئاستە بەرزەکەی بەردەوامبێت.
یاریی ئیسپانیا و پۆرتوگال، دووبارەبوونەوەی یاریی کۆتایی نەیشنسلیگی رابردووە، کاتێک پۆرتوگال نازناوەکەی بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بردەوە.




