رووداو دیجیتاڵ
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرە و گۆڵکاری هەڵبژاردەی نەرویج دەڵێت "هەرگیز بەخەیاڵمدا نەدەهات بەرامبەر بەرازیل ببەینەوە و تۆمارکردنی 7 گۆڵ باوەڕپێنەکراوە".
هالاند دوای ئەو ئاستەبەرزەی بەرامبەر بەرازیل پێشکێشیکرد و دوو گۆڵی تۆمارکرد، گوتی "بە تەواوی نەمدەتوانی باوەڕ بەوە بکەم، چونکە هەرگیز لە ژیانمدا خەونم بەمەوە نەبینیبوو. خەونم بەوەوە دەبینی لە مۆندیالدا بۆ نەرویج یاری بکەم و هەڵبژاردەکە بگەیەنمە مۆندیال. بەڵام هەرگیز چاوەڕێم نەدەکرد لە بەرازیل ببەینەوە. با راستگۆ بین و ئەو راستییە بڵێین. بۆیە دووبارە دەیڵێمەوە، پێم وابوو هەندێک شت مەحاڵن و ناکرێن، بەڵام پێدەچێت من هەڵە بم."
هێرشبەرە ئاگرینەکەی نەرویج زیاتر قسەیکرد و گوتی "سەرکەوتنێکی بڕواپێنەکراوە. مەبەستم ئەوەیە، ئێستا چەندین جار ئەمەم گوتووەتەوە؛ هەرگیز خەونم بەمەوە نەبینیبوو. مەبەستم ئەوەیە، کەمێک وەک خەون وایە کە لەم ساتەدا لەگەڵ گەورەترین یاریزانەکانی مۆندیالدا بیت. بێگومان، وەک یاریزانێکی تۆپی پێ، دەتەوێت لە مۆندیالدا بیت و ئاستێکی باش پێشکەش بکەیت، بەڵام با راستگۆ بین، تۆمارکردنی حەوت گۆڵ بۆ نەرویج لە مۆندیالدا کارێکی زۆر تایبەتە. بۆیە ئەمە وەک خەون وایە. هیچ وشەیەکم نییە، قورسە هەستەکانم و ئەوەی ئەنجامم داوە بخەمە نێو چوارچێوەی وشەوە، دەزانی؟ چونکە وەک راستی ناچێت. هەندێک جار پێویستە دەستی خۆم بزموتێنم بۆ ئەوەی بزانم خەون نییە، چونکە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە."
خاوەنی دوو گۆڵە یەکلاکەرەوەکەی نەرویج بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال بە هەمووانی گوت "پێموایە، ئەو شێوازەی یاریمان پێ کرد نیشانی دەدات کە نەرویج تیپێکی تۆپی پێی ناوازەیە و لە راستیدا ئێمە یەکێکین لە باشترین تیپەکانی ئەورووپا و جیهان، چونکە ئەوەی ئەنجاممان داوە سەرسوڕهێنەرە. 28 ساڵی خایاند؛ کاتێکی زۆری برد. من تەمەنم 25 ساڵە، بۆیە ناتوانن لەوەدا لۆمەی من بکەن. دەتوانن لۆمەم بکەن کە هاتوومەتە ئێرە، بەڵام بەڵێ، مەبەستم ئەوەیە کە ئەمە بڕواپێنەکراوە. من شانازی بە وڵاتەکەمەوە دەکەم، شانازی بە هەمووانەوە دەکەم."
نەرویج لە قۆناخی شازدەی مۆندیالدا بە 2-1 لە بەرازیلی بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە قۆناخی هەشتی مۆندیال، لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی دەکات.



