رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا 'یوفا' ئەمڕۆ دووشەممە، بڵاوکراوەیەکی تووندی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی بڕیارەکەی یەکێتیی نێودەوڵەتی 'فیفا'ـی کرد سەبارەت بە هەڵپەساردنی سزای راگیرانی هێرشبەری ئەمریکی فۆلارین بالۆگون بۆ ماوەی یەک ساڵ لەژێر چاودێریدا، و بڕیارەکەی بە 'بەزاندنی هێڵی سوور' وەسف کرد.
بڕیارە مشتومڕاوییەکە کاتێک درا کە فیفا رێگەی بە هێرشبەرە ئەمریکییەکە دا بەشداری یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر بەلجیکا لە قۆناخی 16 بکات، سەرەڕای ئەوەی لە یاریی پێشوودا بەرامبەر بۆسنە بە کارتی سوور کرابووە دەرەوە.
لە کاتێکدا لایەنی ئەمریکی ئاهەنگیان بۆ بڕیارەکە گێڕا، یەکێتیی تۆپی پێی بەلجیکا سەرسوڕمانی زۆری خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە لێکۆڵینەوە لە هەموو رێگا یاساییەکان دەکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی ماڵپەڕی زا ئاتلێتیک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و سەرۆکی فیفا جیانی ئینفانتینۆی ئاشکرا کرد بۆ گوشارکردن بەمەبەستی لادانی سزاكە.
یوفا لە بڵاوکراوەکەیدا رایگەیاند کە بڕیارەکە دەستکاری دەستپاکی یارییەکە و متمانەی کێبڕکێکە دەکات، جەختیشی کردەوە کە راگیرانی ئۆتۆماتیکی بۆ 1 یاری دوای کارتی سوور "هەڵبژاردنێکی ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو پرەنسیپێکی چەسپاوە لە پەیڕەوەکاندا و هیچ بێبەریبوونێک ناگرێتەوە.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە "لە نێوەندی پاڵەوانێتییەکدا کە یاریزانانیدیکە رووبەڕووی هەمان بارودۆخ بوونەتەوە و سزاکانیان بە رێکوپێکی تەواو کردووە" وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای پرەنسیپی یەکسانی دادەنرێت.
یوفا هۆشداری دا کە بڕیارەکە "پێشینەیەکی مەترسیدار دروست دەکات کە پێویستی بە مامەڵەی یەکسان هەیە لە بارودۆخە هاوشێوەکاندا، ئەمەش زیان بە کێبڕکێکە دەگەیێنێت"، هەروەها گوتیشی "تۆپی پێ متمانەیەکی جیهانی هەیە، چونکە بەپێی یاسای یەکگرتوو لە هەموو شوێنێک ئەنجام دەدرێت".
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا جەخت کرایەوە کە "جامی جیهانی رووداوێکی دابڕاو نییە، بەڵکو لێکەوتەی ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر یارییەکە بەگشتی دەبێت".




