رووداو دیجیتاڵ
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی گۆڵکاری نەرویجی، خەونی بەرازیلییەکانی لە مۆندیالی 2026 لەناوبرد و بە تۆمارکردنی دوو گۆڵی مێژوویی، هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ یەکەمجار گەیاندە قۆناخی هەشتەمی جامی جیهانی.
یارییەکە لەسەر یاریگای 'مێت لایف' لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، نەرویج توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە 'سامبا'ی بەرازیلی بباتەوە و یەکێک لە گەورەترین سوپرایزەکانی پاڵەوانێتییەکە تۆمار بکات.
سەرەتای یارییەکە بە گوشاری نەرویجییەکان دەستیپێکرد و هەر لە خولەکی 3دا گۆڵێکی ساندرۆ بێرگ بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە، بەڵام پاشان بەرازیل کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و هەلێکی زێڕینی بۆ رەخسا کاتێک لە خولەکی 13دا لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکرا.
پاڵەوانی راستەقینەی ئەو ساتە ئۆریان نیلاند بوو، گۆڵپارێزە نەرویجییەکە کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لێدانەکەی برۆنۆ گیمارێشی گرتەوە و رێگەی نەدا بەرازیل پێشبکەوێت، نیلاند بە درێژایی گێمی یەکەم لەبەردەم هێرشەکانی ڤینیسیۆس و مارتینێلی وەک دیوارێکی پۆڵاین وەستا و رێگەی نەدا تۆڕەکەی بهەژێنرێت.
لە گێمی دووەمدا، کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری بەرازیل هەوڵیدا بە چەند گۆڕانکارییەک و هێنانە ناوەوەی ئیندریکی گەنج و نەیمار داسێلڤا گوشارەکان زیاتر بکات، بەڵام بەرگریی پۆڵاینی نەرویج هەموو رێگەکانی بەڕووی سەماکەرانی سامبادا داخرابوو. کاتێک یارییەکە بەرەو خولەکە کۆتاییەکان دەچوو، کاتی درەوشانەوەی ئێرلینگ هالاند هات، کە لە خولەکی 79دا، بە لێدانێکی سەری بەهێز گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد. هالاند بەوەوە نەوەستا و لە خولەکی 90دا بە لێدانێکی زەمینیی تووند لە لێواری ناوچەی سزا، گۆڵی دووەمی خۆی و دڵنیایی سەرکەوتنی وڵاتەکەی راگەیاند.
هەرچەندە نەیمار داسێلڤا لە خولەکی (90+10)دا لە رێگەی لێدانی سزاوە جیاوازییەکەی کەمکردەوە، بەڵام کات بۆ گەڕانەوەی بەرازیل نەمابوو و تیپی سامبا بۆ دووەم جار لە مێژوویدا لە قۆناخی 16ی مۆندیال ماڵئاوایی کرد. ئێستا نەرویج بە شانازییەوە بەرەو قۆناخی هەشتەم هەنگاو دەنێت و لەوێ چاوەڕێی براوەی یاری نێوان مەکسیک و ئینگلتەرا دەکات، هالاندیش جارێکی دیکە سەلماندی کە ئەو نەک تەنیا ئەستێرەی یانەکانە، بەڵکو
دەتوانێت وڵاتێکیش لەسەر شانەکانی هەڵبگرێت و بەرەو لووتکەی بەرێت.




