رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی مەکسیک، یەکێک لە باشترین و بەهێزترین تیپەکانی مۆندیالە و دەیەوێت ئەمجارە بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی دیاری ئەورووپا سەربکەوێت و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
مەکسیک لە یاریگای ئازتێکا، کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی زیاتر لە 80 هەزار هاندەر لە یارییەکی لووتکەدا، بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشت.
ئێل تریکۆلۆر تاوەکو ئێستا بەباشترین ئاست و ئەنجامەوە دەرکەوتووە، تیپەکە سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و هیچ گۆڵێکیشی لێنەکراوە، ئەوان بە سوود وەرگرتن لە هاندەرانیان و بەسەرکردایەتیی راول خیمینێز، چاویان لە بردنەوەیەکی دیکە و بڕینی قۆناخێکی دیکەی مۆندیالە.
مەکسیک لە قۆناخی رابردووی مۆندیالدا، سەرکەوتنی بەرامبەر ئیکوادۆر بەدەستهێنا، ئەمجارە بەرامبەر تیپێکی گەورەی ئەورووپا یاریی دەکات و چاوی لە درێژەدانە بەو مێژووییەی دوای 40 ساڵ تۆماریانکردووە.
براوەی یاریی نێوان مەکسیک و ئینگلتەرا لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر براوەی بەرازیل و نەرویج یاریی دەکات.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تەنیا یەکەیەکی مەشقیی لە مەکسیک ئەنجامدا و بۆ رووبەڕووبوونەوەی میواندارە بەهێزەکەی مۆندیال ئامادەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
ئینگلتەرا، تیپێکی پڕ ئەستێرەیە و بە سەرکردایەتیی هاری کەین، دەیەوێت درێژە بە کاروانەکەی بدات لە مۆندیالدا، بۆ ئەوەش پێویستە لە یەکێک لە بەهێزترین تیپەکانی ئەم مۆندیالە بباتەوە کە مەکسیکە.
جگە لەوەی ئینگلتەرا بەرامبەر تیپێک یاریی دەکات کە 80 هەزار هاندەر لە یاریگادا پاڵپشتیی دەکەن، لەرووی کەشوهەواوە تیپەکە رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە لەکاتێکدا یاریگای ئازتێکا، 2200 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و پسپۆرانیش پێشنیازی ئەوەیان کردووە بۆ ئەو یارییانەی لە شوێنە بەرزەکان دەکرێن، پێویستە تیپەکان زووتر بچنە شوێنەکە بۆ راهاتن لەگەڵ کەشوهەواکەی، جۆردان هێندرسۆن، یاریزانی ئینگلتەرا لەو بارەیەوە گوتی "خواردنی ڤیاگرا هاوکاریمان دەکات بۆ راهاتن لەگەڵ کەشوهەواکە" لە کاتێکدا خواردنی ڤیاگرا سوڕی خوێن چالاک دەکات و رێگەنادات یاریزانەکان کێشەیان بۆ دروستببێت.
سێ شێرەکان لە قۆناخی رابردوودا بە زەحمەت سەرکەوتنیان بەرامبەر کۆنگۆی دیموکرات بەدەستهێناوە و لە یارییەکەی ئەمجارەشدا ئەرکیان ئاسان نییە.




.jpg&w=3840&q=75)