رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێشدا لە قۆناخی 32ـی مۆندیال، هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و نەرویج رووبەڕووی یەکدەبنەوە و ڤینیسیۆس جونیۆر و ئێرلینگ هالاند رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
بەرازیل بە سەرکردایەتیی ڤینی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زەحمەت و ئاڵۆزدایە، کاتێک کاژێر 23:00 لە قۆناخی شازدەی مۆندیالدا بەرامبەر نەرویج یاریی دەکات.
سامبا دوایین مەشقەکانی لە ناوەندی کۆڵۆمبیا پارک لە نیوجێرسی ئەنجامدا، ئەوان ئامادەن بۆ یارییەکی دیکە لە مۆندیالدا، کاتێک لە مێتلایف رووبەڕووی تیپەکەی ئێرلینگ هالاند دەبنەوە.
بەرازیل لە یاریی رابردوودا بەزەحمەت لە ژاپۆنی بردەوە، لەم یارییەشدا ئەرکی ئاسان نییە.
ڤینیسیۆس لە چوار یاریی رابردووی مۆندیالدا 4 گۆڵ و ئەسیستێکی هەیە و دەیەوێت ئەمشەو سەرکردایەتیی تیپەکە بکات بۆ هەنگاونان بەرەو قۆناخێکی دیکەی مۆندیال.
هەڵبژاردەی نەرویج دەیەوێت بۆ یەکەمجار بگاتە قۆناخی هەشتی مۆندیال، کاتێک لە یاریی لووتکەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی بەرازیل یاریی دەکات.
نەرویج بە ئاستێکی بەرز و ئەنجامی باشەوە دەرکەوتووە و بۆ جاری سێیەم گەیشتووەتە قۆناخی شازدەی مۆندیال، ئەمجارە دەیەوێت مێژووییەکی نوێ لە تۆپی پێی وڵاتەکەدا تۆماربکات و بگاتە قۆناخی هەشت.
هەڵبژاردەکە بەسەکردایەتیی ئێرلینگ هالاند رووبەڕووی بەرازیل دەبێتەوە و ئەو گۆڵکارە دیارەی وڵاتەکە بەرامبەر ڤینیسیۆس و هاوڕێکانی یاریی دەکات، یەکێکیان ئەمشەو ماڵئاوایی لە مۆندیال دەکەن.
نەرویج لە قۆناخی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر کۆتدیڤوار بەدەستهێنا و گەیشتە ئەم قۆناخە، بەڵام ئەمجارە ئەرکیان زەحمەتترە.
ستۆل سۆلباکن، راهێنەری نەرویجە، ئەو پێشتر وەکو یاریزانی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی 1998 یەکێک بوو لە یاریزانانی نەرویج کاتێک لە مۆندیالی 1998 لە بەرازیلیان بردەوە، ئەمجارە دەیەوێت وەکو راهێنەر مێژوو بەناوی خۆیەوە بکات.
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یەکەمی ڤایکینگەکانە و 5 گۆڵی لە مۆندیالدا کردووە، ئەمشەو لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی دیکەدایە، کە دەرچوون لێی زۆر ئاسان نییە.




.jpg&w=3840&q=75)