رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسا توانی بەربەستی هەڵبژاردەی پاراگوای تێپەڕێنێت و بە سەرکەوتنێکی گرنگ بە ئەنجامی 1-0، گەیشتن بە قۆناخی هەشتی مۆندیالی 2026ی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەدەستبهێنێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناخی 16دا، هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و پاراگوای رووبەڕووی یەکتر بوونەوە. تاکە گۆڵی یارییەکە و گۆڵی سەرکەوتنی کەڵەشێرەکان لە خولەکی 70دا لەلایەن کیلیان ئێمباپێوە لە رێگەی لێدانێکی سزاوە تۆمارکرا.
یارییەکە رکابەرییەکی تووندی بەخۆیەوە بینی؛ یاریزانانی پاراگوای پەنایان بۆ بەرگرییەکی تووند بردبوو بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشە مەترسیدارەکانی فەرەنسا بکەن. هەر بەهۆی زبریی یارییەکەوە، کیلیان ئێمباپێ چەند جارێک تووشی دەمەقاڵە و مشتومڕ بوو لەگەڵ یاریزانانی پاراگوای، ئەمەش بەهۆی ئەو تووندوتیژییەی بەرامبەر ئەو و هاوڕێکانی دەکرا.
بەم سەرکەوتنە، فەرەنسا بە راهێنەرایەتی دیدێ دیشام، گەیشتە قۆناخی هەشت و لەوێشدا رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاگرین چاوەڕێیان دەکات بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب.
ئەم یارییەی نێوان فەرەنسا و مەغریب دەبێتە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی مۆندیالی پێشووی قەتەر، کاتێک لە قۆناخی پێش کۆتاییدا بەیەک گەیشتن و فەرەنسا توانی بە ئەنجامی 2-0 سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
هەڵبژاردەی پاراگوای لە کاتێکدا ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد، کە پێشتر سوپرایزێکی گەورەی لە قۆناخی 32دا ئەنجامدا و توانیبووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە لێدانە
یەکلاکەرەوەکان بکاتە دەرەوەی پاڵەوانێتییەکە.




