رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە پێشەنگی پۆلێنی باشترین یاریزانانی مۆندیالی 2026 دێت، لە کاتێکدا مۆندیال دەچێتە قۆناخی یەکلاکەرەوە، کە 16 یاری ماوە. ئەم قۆناخە 8 یارییە، قۆناخی 8 بریتیە لە 4 یاری و قۆناخی 4 لە دوو یاری پێش کۆتایی پێکدێت. هەروەها یاریی کۆتایی و یاری دیاریکردنی پلەی سێیەم و چوارەم لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی 104 یارییەکە تەواو بێت، کە تاوەکو ئێستا 88 یاری ئەنجامدراوە و ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژووی مۆندیالەکاندا.
بەپێی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و گۆڵکاری ئێستای پاڵەوانێتییەکە لە سەرووی هەموو ناوەکانەوەیە لە پۆلێنی پاوەر رانکینگ، کە ئاستی یاریزانەکان یاری بە یاری و جوڵە بە جوڵە دوای ئەنجامدانی 88 رووبەڕووبوونەوە هەڵدەسەنگێنێت.
ئەستێرەکەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 7 گۆڵ بۆ ئەوەی لە پێشەنگی گۆڵکاراندا بێت و پێش کیلیان ئێمباپێی خاوەن 6 گۆڵ و هەردوو یاریزان هاری کەین و ئێرلینگ هالاند بە 5 گۆڵ بکەوێت.
هەروەها مێسی بووە یەکەم یاریزان بگاتە 20 گۆڵ لە مێژووی مۆندیالدا، کە تێیدا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە بەئەنجامدانی 30 یاری. تێکڕای نمرەکانی گەیشتە 35.56 خاڵ دوای یارییەکەی کابۆ ڤێردی، کە تێیدا گۆڵی تۆمارکرد و گۆڵی سێیەمیشی لە لێدانی کۆنەرەوە دروستکرد و بووە باشترین یاریزانی ئەرجەنتین.
لە پلەی دووەمی پۆلێنەکەدا کیلیان ئێمباپێ دێت بە 34.14 خاڵ بەهۆی تۆمارکردنی 6 گۆڵ لەگەڵ بەهێزترین هێڵی هێرشبەری فەرەنسا. لە دوای ئەویش هاری کەینی ئینگلیزی دێت بە 33.49 خاڵ، دوای ئەوەی بە هەوڵێکی تاکەکەسی هەڵبژاردەی ئینگلتەرای گەیاندە قۆناخی داهاتوو لە یاری بەرامبەر کۆنگۆ.
لە دوای سێ پلەی یەکەم، هەردوو ئیسپانی رۆدری و میکێل ئۆیارزابال دێن بە بەدەستهێنانی 32.41 و 31.81 خاڵ وەک باشترین یاریزانانی ماتادۆر تاوەکو ئێستا، لە دوای ئەوانیش ستیڤن ئیستاکیۆی کەنەدی، عوسمان دێمبێلێ، ڤینیسیۆس جۆنیۆر کە لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی سەرکردایەتی بەرازیل دەکات، هەروەها رۆبێرتۆ ئەلڤارادۆی مەکسیکی و یۆری تیلیمانسی بەلجیکی دێن.
لەسەر ئاستی شوێنی یاریزانان لە یاریگادا، ئۆرلاندا جێلی گۆڵپارێزی پاراگوای وەک کاریگەرترین گۆڵپارێز پۆلێن کراوە بە 29.88 خاڵ دوای ئەوەی 19 گەڕاندنەوەی هەبووە، لەکاتێکدا ئۆنای سیمۆنی ئیسپانی لە پلەی 11 دێت بەهۆی کەمی تاقیکردنەوەکان، کە تەنیا 4 گەڕاندنەوەی هەبووە.
بەرگریکاری بەرازیلی، گابریێل لە پێشەنگی هێڵی بەرگری دێت بە 29.64 خاڵ و بە جیاوازییەکی کەم پێش ئیمێریک لاپۆرت دەکەوێت، کە بە 29.51 خاڵ لە پلەی دووەمە. رۆدری باشترین سەرکردەی هێڵی ناوەندە بە 32.41 خاڵ، هێڵی هێرشبەریش لەلایەن سێیانی مێسی، ئێمباپێ و کەینەوە سەرکردایەتی دەکرێت.
لە پۆلێنی تایبەت بە هەڵبژاردەی ئیسپانیا، سێیانی رۆدری، ئیمێریک لاپۆرت و پێدری کۆنترۆڵی ریتمی ماتادۆریان کردووە لە هێڵی بەرگری و ناوەند، لەکاتێکدا میکێل ئۆیارزابال لە پلەی چوارەم و لامین یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا لە پلەی پێنجەم دێت.




