رووداو دیجیتاڵ
ڤۆزینیا، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی کابۆ ڤێردی، دوای ئەو ئاستە بەرزەی بەرامبەر ئەرجەنتین پێشکێشیکرد، سەرەڕای ماڵئاواییکردنیان لە مۆندیالدا شانازی بەخۆیەوە دەکات و راهێنەری هەڵبژاردەکەش دەڵێت "ئەرجەنتین پێشانیدا بۆچی پاڵەوانی جیهانە".
ڤۆزینیا دوای یارییەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "مۆندیال مانایەکی زۆری بۆ ئێمە هەبوو. شتێک بوو کە ماوەیەکی درێژ بوو شایستەی بووین. سەرکەوتین و توانیمان خەونێک بکەینە راستی، نەک تەنیا بۆ من و نەک تەنیا بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی، بەڵکو بۆ تەواوی گەلی کابۆ ڤێردی. بوونمان لێرە و کێبڕکێکردن و یاریکردن و جەنگان بە یەکسانی بەرامبەر هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی دیکە، دەبێت پڕمان بکات لە خۆشی و زۆر شانازی بەو هەموو شتانە بکەین کە بەدەستمان هێناون."
گۆڵپارێزە 40 ساڵەکەی کابۆ ڤێردی دەڵێت"ئاستێکی بەرز بوو. ئاشکرایە کە بە ئەنجامەکان خەمبارین، بەڵام دەتوانین شانازی بکەین و رازی بین بەو پێشکەوتنەی تاوەکو ئەو ساتە بەدەستمان هێنابوو. ئێمە تیپێکی نایاب و یاریزانی بەتوانامان هەیە، دادپەروەریمان بەرامبەر ناوی کابۆ ڤێردی یان هەڵبژاردەی نیشتمانی لە گەورەترین مەیدانەکانی جیهاندا کردووە. ئەمڕۆ توانیمان بە یەکسانی کێبڕکێ لەگەڵ ئەرجەنتین بکەین. بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامەکە جەنگاین بەڵام نەمانتوانی؛ ئەوە تۆپی پێیە. دەتوانین بەراستی شانازی بەو کارەوە بکەین کە ئەنجامی دەدەین، چونکە پێموایە تۆپی پێی کابۆ ڤێردی شایستەی باشترە؛ ماوەیەکی درێژە شایستەی ئەوەیە."
لەلایەن خۆیەوە بوبیستا، راهێنەری کابۆ ڤێردی لە دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "شانازییەکی زۆر بە یاریزانەکانم و ئەو کارەی ئەنجامیاندا دەبەم؛ ئەوان بە شکۆ و بوێرییەوە ئەو کارەیان کرد. هەروەها دەمەوێت چەند وشەیەکیش لەبارەی رکابەرەکەمان، ئەرجەنتینەوە بڵێم؛ پێموایە ئەوان نیشانیاندا بۆچی پاڵەوانی جیهانن. پێشموایە تیپەکەمان نیشانی دا کە تاوەکو چەند ئارەزووی یاریکردنیان لەم یارییەدا هەبوو."
راهێنەری کابۆ دەڵێت "پێموانییە هیچ تیپێکی دیکە هەبێت بتوانێت دوو گۆڵ لە ئەرجەنتین بکات و یارییەکە بباتە کاتی زیادکراو؛ پێموایە ئەوە کەسایەتیی تیپەکەمان دەردەخات. دەمانزانی رکابەرەکەمان چەند بەهێزە و یارییەکی سەخت دەبێت، هەروەکو بینیشمان، بەڵام پێموایە ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بوو ئەنجامماندا و بە ئازایەتییەوە یاریمان کرد. ئێمە پابەندی ناسنامە و شێوازی یاریکردنی خۆمان بووین، هەر بۆیە زۆر شانازی بەوە دەکەم کە یاریزانەکانم لە تەواوی یارییەکەدا ئەنجامیاندا. ئاشکرایە لە هەندێک کاتی یارییەکەدا، بەهۆی ئاستی رکابەرەکەتەوە پێویستە زیاتر رێکخراو بیت؛ توانای یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە بۆ دووجار بەرانبەر ئەرجەنتین، نیشانیدا کە ئێمە تاوەکو چەند خۆڕاگر بووین."




