رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی شازدەی مۆندیال دەستپێدەکات، لە یەکەم یاریی قۆناخەکەدا هەڵبژاردەی مەغریب بەرامبەر کەنەدا یاریی دەکات و رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشت دەکەن.
یارییەکە کاژێر 20:00 لە هیوستن بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەکە رۆژی هەینی دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە گرنگ و چارەنووسسازە ئەنجامدا و تیپەکە بۆ رووبەڕوبوونەوەکە ئامادەیە.
مەغریب لە قۆناخی رابردووی مۆندیالدا، سەرکەوتنێکی مێژوویی بەرامبەر هۆڵەندا بەدەستهێنا و بەسەرکردایەتیی یاسین بۆنۆ بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە خۆی گەیاندە ئەم قۆناخە.
سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر هۆڵەندا متمانەیەکی زۆر زیاتری دایە تیپەکەی محەممەد وەهبی و ئێستا ئەوان چاویان لە گەیشتنە بە قۆناخی هەشتی مۆندیال.
مەغریب تاوەکو ئێستا لەو چوار یارییەی ئەنجامیداون، 7 گۆڵی تۆمارکردووە، ئیسماعیل سایباری، ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەیە و خاوەنی سێ گۆڵە، ئەمشەویش یاریزانە نوێیەکەی بایرن میونشن دەیەوێت بە گۆڵەکانی مەغریب بباتە قۆناخێکی دیکەی مۆندیال.
محەممەد وەهبی، راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب بەر لە یارییەکە گوتی "رێز لە بۆچوونەکانی جێسی دەگرم و هەموو یاریزان و راهێنەرێک مافی خۆیەتی رای خۆی هەبێت، بەڵام تەنیا سەرنج دەخەمە سەر ئەو کارەی پێویستە بۆ ئەم یارییە ئەنجامی بدەین. رێزێکی زۆرمان بۆ ئەم تیپە هەیە، بە رکابەرێکی بەهێز و خاوەن کوالێتییەکی زۆریان دادەنێین. هەروەها ئەوەش دەزانین، کە گرنگترین شت ئەوەیە بە باشترین ئاستی خۆمان یاری بکەین. وەک پێشتر گوتوومە، ئەو ئاستەی لە یارییەکانی سەرەتادا نیشانمان دا، یارییەکەمان بۆ ناباتەوە. ئەوەی دەیباتەوە ئەوەیە کە چۆن لەنێو یاریگەدا یاری دەکەین. بۆیە، پێویستە بە بیرکردنەوەیەکی بەهێز و رێکخراوییەوە بمێنینەوە."
راهێنەری هەڵبژاردەکە زیاتر گوتی "من کەسێکی زۆر راشکاو و پێش هەموو شتێک راستگۆم کاتێک لەگەڵ یاریزانەکانم قسەمان کرد، پێمگوتن کە ئەمە دەبێتە گرنگترین یاریی ئێمە لە مۆندیالدا. لە هەمووشی گرنگتر، سەختترین دەبێت. من هەمیشە هەڵە نیم؛ ئەمە دەبێتە یەکێک لە سەختترین یارییەکان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە، ئەگەر ئاستیان بەرز نەبێت دەگەڕێنەوە ماڵەوە و گوتی "ئێمە لە قۆناخی 16ی مۆندیالدا یاری دەکەین. بە باشی دەزانین کە دەبێت لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکەدا بین. ئەگەر وانەبین، دەگەڕێینەوە ماڵەوە، گرنگ نییە رکابەرەکە کێیە یان رووبەڕووی چ تیپێک دەبینەوە. ئەگەر ئاستێکی بەرز پێشکەش نەکەین، دەگەڕێینەوە ماڵەوە. یاریزانەکان ئەوە دەزانن. بۆیە باوەڕم پێ بکەن، من وەک یەکێک لە گرنگترین یارییەکان سەیری ئەمە دەکەم، کە یەکێکە لە گرنگترینەکانی کاروانی وەرزشیم."
لەلایەن خۆیەوە هەڵبژاردەی کەنەدا، بۆ یارییەکی مێژوویی ئامادەیە و دەیەوێت رکابەری بکات بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بگاتە قۆناخی هەشتی مۆندیال.
هەڵبژاردەکە ئەمجارە لە خاکی خۆیدا یاریی ناکات و لە هیوستن رکابەریی یەکێک لە هەڵبژاردە بەهێز و دیارەکانی ئەم مۆندیالە یاریی دەکات کە مەغریبە، تیپەکەی جێسی مارش پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی بەهێز و ئامادەییەکی تەواو هەیە بۆ ئەوەی توانای رکابەریکردنی هەبێت، بەتایبەت کە هەڵبژاردەکە دەزانێت مەغریب لە قۆناخی رابردوودا بەرامبەر هۆڵەندا سەرکەوتووە.
کەنەدا پێشتر دووجار بەشداریی لە مۆندیالدا کردبوو، بەڵام هەرگیز نەگەیشتووەتە قۆناخی هەشت و ئەگەر ئەمشەو بیباتەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا ئەو قۆناخە بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەمە جاری یەکەمیان نییە، هەردوو تیپ لە مۆندیالدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، لە مۆندیالی رابردووی قەتەر لە یەک کۆمەڵە بوون و مەغریب بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە کەنەدای بردووەتەوە.
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر براوەی یاریی فەرەنسا و پاراگوای یاریی دەکات.
جێسی مارش، راهێنەری هەڵبژاردەی کەنەدا لەبارەی یارییەکە و هەڵبژاردەی مەغریبەوە دەڵێت"ئێمە بۆ ئەم ساتە بەپەرۆشین. دەمانویست بگەینە قۆناخێکی پاڵەوانێتییەکە کە تێیدا بەرامبەر هەندێک رکابەری گەورە یاری بکەین و مەغریبیش رێک بەو شێوەیەیە. کاتێک باسی مەغریب دەکەیت، باسی تیپێک دەکەیت کە خاوەنی بەهرەی تاکەکەسیی سەرسوڕهێنەرە، زۆر باش رێکخراون و پێکهاتەیەکی نایابیان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی نەرم و رەوان یاری دەکەن، کە پێموایە ئەوە بە راستی کوالێتیی یاریزانەکانیان دەردەخات. ئەنجامەکانیش ئەوە دەگەیێنن ئەو متمانەیەی ئێستا هەیانە، وەک ئەو کاتەی لە یارییەکەی مۆنتێری بووم بەرامبەر هۆڵەندا، ئەو متمانەیەی تیپەکە هەیبوو و ئەو شێوازە متمانە بەخۆبوونەی یارییان پێی دەکرد؛ دەزانین رووبەڕووی رکابەرییەکی گەورە دەبینەوە بەرامبەر تیپێکی زۆر بەهرەمەند."




