رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم یاریی قۆناخی شازدەی مۆندیالدا، هەڵبژاردەی فەرەنسا دەردەکەوێت و دەیەوێت درێژە بداتە ئەنجامە باشەکانی و بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرە و سەرکردەی هەڵبژاردەکەیە و ئەمجارە دەیەوێت بەرەو قۆناخێکی دیکە هەنگاو بنێت و سەرکردایەتیی فەرەنسا بکات، بۆ گەیشتن بە قۆناخی هەشتی مۆندیال.
فەرەنسا کاژێر 00:00 بەرامبەر پاراگوای یاریی دەکات، تیپەکە بەهێزترینی ئەم مۆندیالەیە، هەر چوار یارییەکەی بردووەتەوە، 13 گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە، ئێمباپێ شەش گۆڵی کردووە کە دەکاتە نزیکەی نیوەی گۆڵەکانی هەموو هەڵبژاردەکە.
جگە لە بەهێزی هێرشبەرییەکەی، بەرگرییەکەشی تەواو و ئامادەیە، ئەوان تەنیا دوو گۆڵیان لێکراوە.
بەهۆی پێکانەوە ئەگەری هەیە لە یارییەکەدا ئۆرلیێن چوامینی یاریی نەکات و مانو کۆنێ شوێنی ئەو بگرێتەوە.
فەرەنسا پێشتر بە یاریی فەرمی و دۆستانەوە پێنج جار بەرامبەر پاراگوای یارییکردووە، هەرگیز نەدۆڕاوە، سێ یاریی بردووەتەوە و دووجار یەکسانبوون.
هەڵبژاردەی پاراگوای، دوای ئەوەی لە قۆناخی رابردوودا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئەڵمانیای لە مۆندیال دوورخستەوە، ئەمجارە بەدوای سوپرایزێکی دیکەدا دەگەڕێت و دەیەوێت لە فەرەنسا بباتەوە.
هەڵبژاردەکە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا لە 2010 گەیشتووەتە قۆناخی شازدەی مۆندیال، لە فێلادێلفیا دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بۆ رکابەرییەکە ئامادەیە و چاوی لە نووسینەوەی مێژووە.
پاراگوای پێشتر هیچ بردنەوەیەکی بەرامبەر فەرەنسا نەبووە، تیپەکە بەدوای یەکەم سەرکەوتنی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیەدا دەگەڕێت.
لە 2010 هەڵبژاردەکە لە قۆناخی هەشت بەرامبەر ئیسپانیا دەرکرا، ئەوە گەورەترین ئەنجامی ئەوانە لە مۆندیالدا، ئەمجارە بەرامبەر تیپێک یاریی دەکەن پڕە لە ئەستێرەی دیار، تیپێکی مەترسیدار و گۆڵکار، بۆیە ئەرکی پاراگوای ئاسان نابێت.




