رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، رێگەیان پێدەدرێت، حەبی ڤیاگرا بەکاربهێنن، لەپێناو هاوکاریکردنیان لە گونجان لەگەڵ بەرزایی شاری مەکسیکۆ سیتی، پایتەختی مەکسیک، لە چوارچێوەی ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە، لە قۆناخی شانزەی مۆندیال.
یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە، بەرەبەیانی رۆژی شەشی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت.
رۆژنامەی 'سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، رێوشوێن و یاساکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی لەنێوبردنی وزەبەخشەکان (WADA) رێگە بەبەکارهێنانی سیلدیناڤیل، کە ناوە بارزگارنییەکەی ڤیاگرایە دەدات، چونکە ئەو حەبە لەنێو لیستی وزەبەخش و قەدەخەکراوەکانی ئاژانسەکەدا نییە.
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، یاریزانانی ئینگلتەرا رێگایان پێدەدرێت، لەژێر سەرپەرشتی تیمی پزیشکیی هەڵبژاردەکەدا، حەبەکە بەکاربهێنن، بۆ هاوکاریکردنیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییەکانی یارییکردن لە شوێنی بەرز.
پێشتر، تۆماس توخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ئاشکرایکردبوو، خۆگونجاندن و راهاتن لەگەڵ یاریگای بەرز، وەک یاریگای ئازتێکا کە یارییەکەی مەکسیکی تێدا ئەنجامدەدرێت، ئەستەمە، بەتایبەت کە یاریزانەکانی تەنیا چوار رۆژیان بۆ گونجان لەگەڵ ئەو کەشەدا هەیە.
مەکسیکۆ سیتی بەیەکێک لەو شارە بەرزانە دادەنرێت کە یارییکردن تێیدا، بۆ یاریزانان قورسە، چونکە رێژەی ئۆکسجین تێیدا کەمە و بەرزییەکەی کە 2200 مەترە لەسەر رووی دەریاوە، کێشەی هەناسەدان بۆ یاریزانان دروستدەکات.
توێژینەوەکان دەڵێن، دەکرێ سوود لە ڤیاگرا وەربگیرێت بۆ باشترکردنی چوونی خوێن بۆ ناو سییەکان، ئەوەش هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی هەست بەماندوێتی و سەرسووڕان بەهۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە لەشدا، لە کاتی یارییکردن و راکردن لەو شوێنانەی بەرزن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکە دەڵێ، بەکارهێنانی ڤیاگرا لەلایەن یاریزانانی ئینگلتەرا، تەواو یاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە، چونکە تیمی پزیشكیی هەڵبژاردەکە سەرپەرشتی دەکەن.
ئەمە یەکەمجار نییە یاریزانان پەنا بۆ بەکارهێنانی ڤیاگرا دەبەن، لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەریی کەمیی ئۆکسجین، پێشتر بەهۆی بوونی شوێن و یاریگای زۆر کە بەرزییەکەیان لە ئاستی سرووشتیی زیاترە، یانەکانی ئەرجەنتین چەندینجار پەنایان بۆ ئەو کارە بردووە.




