رووداو دیجیتاڵ کۆمپانیای ئادیداس بە رووداوی رایگەیاند، فرۆشی درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە مۆندیالی ئەمساڵ دا، سێ هێندەی مۆندیالی رابردووی قەتەر زیادی کردووە. راشیگەیاند درێسی یاریزانی کورد، دەنیز ئۆنداڤ، یەکێکە لە پێنج پڕفرۆشترین درێسەکانی مانشافت. ئۆلیڤەر بروگن، بەڕێوەبەری گشتیی لقی ئەورووپای کۆمپانیای ئادیداس، بە کەهی مەحموود، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا لە سەرانسەری جیهان دا نزیکەی سێ ملیۆن درێسی نوێی هەڵبژاردەی ئەڵمانیامان بۆ مۆندیالی 2026 فرۆشتووە؛ ئەمەش سێ هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە لە مۆندیالی قەتەر فرۆشرابوو." سەبارەت بە درێسی ئەو یاریزانانەی ئەڵمانیا، کە زۆرترین داواکارییان لەسەر بووە لەوانەش یاریزانی کورد دەنیز ئۆنداڤ، بەرپرسەکەی کۆمپانیای ئادیداس گوتی: "درێسی دەنیز لە لیستی پێنج پڕفرۆشترین درێسی یاریزانانی ئەڵمانیایە." گوتیشی: "بەهۆی داواکارییەکی زۆر و بێوێنە لەسەر درێسی هەریەک لە (ئۆنداڤ، هاڤێرتز و پاڤلۆڤیچ)، بۆ ماوەیەکی کورت پیتی "V" لە کۆگاکانی چاپکردنی ناو دا تەواو بوو و کێشەی بۆ دروست کردین، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەر کراوە." هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە قۆناخی 32ـی مۆندیالی 2026 کە لە شاری بۆستنی ئەمریکا بەڕێوەچوو، بەرامبەر بە هەڵبژاردەی پاراگوای تووشی شکست هات و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد. دەنیز ئۆنداڤ، ئەستێرەیەکی دیاری هەڵبژاردەی مانشافت بوو لەم مۆندیالە دا، توانی 3 گۆڵ بکات و دوو گۆڵیش دروست بکات. دەنیز ئۆنداڤی تەمەن 29 ساڵ، یاریزانی یانەی "شتوتگارت"ـی ئەڵمانییە و تاوەکو ساڵی 2029 گرێبەستی لەگەڵ یانەکە دا هەیە. بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، ئۆنداڤ بۆ هەر وەرزێک بڕی 5 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و تەنیا بۆ واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکەشی بڕی 4 ملیۆن یۆرۆی وەک پاداشت وەرگرتووە.