رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە یارییەکی سەرنجڕاکێشدا، هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا بەرامبەر گانا یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
کۆڵۆمبیا، یەکێک لە باشترین هەڵبژاردەکانی ئێستای مۆندیالە، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا توانیی سەرنجی هەمووان رابکێشێت، کاتێک بەبردنەوە لە ئۆزبەکستان و کۆنگۆ، یەکسانبوون لەگەڵ پۆرتوگال 7 خاڵی کۆکردەوە و بە یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گەیشتە ئەم قۆناخەی مۆندیال.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە کاژێر 04:30 لە یاریگای سپۆرتینگ پارک بەرامبەر گانا یاریی دەکات و دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە مۆندیالدا بچێتە پێشەوە.
لە یارییەکەدا کافێتێرۆس بەرامبەر تیپەکەی کارلۆس کیرۆش یاریی دەکات، کە پێشتر راهێنەری ئەو هەڵبژاردەیە بووە.
خامێس رۆدریگێز و لویس دیاز، دوو دیارترین ئەستێرەی هەڵبژاردە زەردپۆشەکەن و دەیانەوێت درێژە بە ئاستە بەرز و ئەنجامە باشەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
هەڵبژاردەی گانا لە دوای 20 ساڵ دەیەوێت جارێکی دیکە بگاتەوە قۆناخی شازدەی مۆندیال، کاتیک رووبەڕووی کۆڵۆمبیا دەبێتەوە.
گانا لە کانساس دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە گرنگە ئەنجامدا، هاوڕێکانی ئەنتوان سێمێنیۆ بۆ رکابەرییەکی بەهێزی قۆناخی 32 ئامادەن، کە دوایین یاریی ئەم قۆناخەی مۆندیال دەبێت و یەکێکیان وەکو دوایین هەڵبژاردە دەگاتە قۆناخی شازدە.
گانا لە ساڵی 2006ـەوە نەیتوانیووە بگاتە قۆناخی شازدە، بەدوای ئەنجامێکدا دەگەڕێت کە ببێتەوە جێگەی دڵخۆشیی هاندەرانی و کۆتایی بە چاوەڕوانی ئەوان بهێنێت.
بلاک ستارس، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا وەکو یەکێک لە باشترین سێیەمەکان گەیشتە ئەم قۆناخە کاتێک سێ خاڵی کۆکردەوە.




