رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی میسر دەیەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی 92 ساڵەی هاندەرانی بهێنێت و جارێکی دیکە بگاتەوە قۆناخی شازدەی مۆندیال، کاتێک بەرامبەر ئوسترالیا یاریی دەکات.
ئەمشەو یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناخی 32ـی مۆندیال، کاژێر 21:00 لە دالاس بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی میسر دەیەوێت بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا بگاتە قۆناخی شازدەی مۆندیال و دەستکەوتێکی دیکەی گرنگ بباتەوە.
محەممەد سەڵاح و تیپەکەی حوسام حەسەن، ئامادەن بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکەن و رکابەری لەسەر مانەوە لە مۆندیالدا بکەن.
میسر لە 1934 بۆ جاری یەکەم گەیشتووەتە قۆناخی شازدەی مۆندیال، لەو کاتەوە تیپەکە نەیتوانیووە بگاتە ئەم قۆناخە و دەیەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانی هاندەرانی بهێنێت.
فیرعەونەکان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە سێ یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاند، بە بردنەوەیەک و دوو یەکسانبوون بە دووەمی کۆمەڵەی حەوتەم گەیشتووەتە قۆناخی دووەمی مۆندیال.
هەڵبژاردەی ئوسترالیا دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە لە دالاس ئەنجامدا و ئەوانیش بەدوای بردنەوە و سەرکەوتنێکی دیکەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
ئوسترالیا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، لە کۆمەڵەی چوارەم بوو، سەرەتا لە تورکیایان بردەوە، دوای ئەوە بەرامبەر ئەمریکا دۆڕا و پاشان بە یەکسانبوون لەگەڵ پاراگوای، بە چوار خاڵ هەڵبژاردەکە خۆی گەیاندە قۆناخی دووەمی مۆندیال و ئەمشەو بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕیت.
ئوسترالیا پێشتر دووجار گەیشتووەتە قۆناخی شازدەی مۆندیال، یەکەمجار لە 2006 بوو، دوایینیان مۆندیالی رابردوو بوو.
ئوسترالیا و میسر یەکەمجارە لە یارییەکی فەرمیدا بەرامبەر یەکدی یاریی دەکەن، پێشتر دووجار لە یاریی دۆستانەدا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، میسر یارییەکی بردووەتەوە و لە یارییەکیشدا یەکسانبوون.

.jpg&w=3840&q=75)


