رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رەتیدەکاتەوە ئەرکی هەڵبژاردەکەی، بەرامبەر کابۆ ڤێردی لە یاریی قۆناخی سی و دووی مۆندیال ئاسان بێت.
ئەرجەنتین کاژێر 01:00ی بەرەبەیانی سبەی، رووبەڕووی کابۆ ڤێردی دەبێتەوە و میدیای جیهانی پێیانوایە ئەرکەکە بۆ تانگۆ، ئاسانە.
سکالۆنی بەر لە یارییەکە دەڵێ، "تیپەکەمان لە بارودۆخێکی زۆر باشدایە. بێگومان وەک هەمووان پەرۆش و بەجۆشین، بەڵام رکابەرێکمان لەپێشە کە دەبێت رێزی لێ بگرین، چونکە ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردووە".
لیۆنێل دووپاتیدەکاتەوە، قۆناخی ئێستا مۆندیال، هیچ هەڵەیەک قبووڵ ناکات، بۆیە دەبێ بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، "ئێستا مەودای هەڵەکردن یەکجار کەم بووەتەوە؛ ئەمە یاریی قۆناخی کرانە دەرەوەیە، ئەگەر بدۆڕێیت دەبێت بگەڕێیتەوە ماڵەوە. ئێمە لەوە تێدەگەین، بەڵام یارییەکە لە کاتێکدا دێت کە ئێمە لەوپەڕی ئامادەییداین. لەم مۆندیالەدا بینیمان کە ئاستی یارییەکان زۆر لەیەک نزیکن، جگە لە فەرەنسا و رەنگە مەکسیک کە بە جیاوازییەکی زۆر بردنەوەیان تۆمارکرد، یارییەکانی دیکە زۆر بە زەحمەت یەکلایی بوونەتەوە. بۆیە پێشبینی ناکەم ئەم یارییەی ئێمەش ئاسان بێت".
راهێنەری ئەرجەنتین، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەر لە یارییەکەدا، خوێندنەوەی بۆ کابۆ ڤێردی کردووە و دەڵێ، "کابۆ ڤێردی تیپێکن تاوەکو ئێستا تامی شکستیان نەکردووە. بەرامبەر سعوودیە زۆر باش یارییان کرد و شایستەی بردنەوە بوون. رەنگە بەرامبەر ئیسپانیا و ئۆرۆگوای هەندێکجار تووشی کێشە بووبن، بەڵام زۆر بە باشی بەرگرییان کرد".
ئەو لەبارەی فەلسەفەی یارییکردنی رکابەرەکەیەوە گوتوویەتی، "ئەوان لە پچڕاندنی پاسەکان لە ناوەڕاستی یاریگادا لێهاتوون و هێرشی هەڵگەڕاوەی یەکجار کاریگەریان هەیە، جگە لەوەی یاریزانی خاوەن تەکنیکیان تێدایە. کابۆ ڤێردی تیپێکی باشە و ئێمە پێشتریش چاودێریمان کردوون، نەک تەنیا بۆ ئەم یارییە، بەڵکو وەک رکابەرێکی بەهێز لێمان دەڕوانین. گەیشتنیان بەم قۆناخە مایەی سەرسوڕمان نییە و بە رێکەوت نەگەیشتوونەتە ئێرە. دەبێت بەوپەڕی رێزەوە بەرامبەریان یاری بکەین".
ئەرجەنتین دەیەوێت لە هەنگاونان بەئاراستەی پارێزگاری لە نازناوەکەی بەردەوام بێت، پاشئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئاستێکی زۆر باشی پێشاندا و هەر سێ یارییەکەی خۆی بردەوە.
تانگۆ لە ئەگەری سەرکەوتن بۆ قۆناخی شانزەی مۆندیال، رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان ئوسترالیا و میسڕ یارییدەکات.




