رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی، هەستە جیاوازەکانی خۆی ئاشکراکرد، پاشئەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گەیشتە قۆناخی شانزەی مۆندیال، دوای بردنەوە لە کرواتیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک.
رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا بەباشترین دەستنیشانکرا، پاشئەوەی لە لێدانێکی سزاوە، گۆڵی یەکسانکردنەوەی بۆ پۆرتوگال تۆمارکرد.
دوای یارییەکە رۆناڵدۆ لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا دووپاتیکردەوە، جارێ سەرنجی لەسەرئەوەی کە لە مۆندیال چاوەڕێی دەکات.
پێشتر رۆژنامەی 'ئابۆلا'ی پۆرتوگالی، لە زاری کاتیا ئاڤێرۆی خوشکی رۆناڵدۆی گواستبووەوە کە ئەگەر هەیە ئەو یاریزانە دوای مۆندیال، واز لە یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بهێنێت.
رۆناڵدۆ لە وەڵامی ئەوەدا کە بەنیازە دوای مۆندیال، واز لە یاریی نێودەوڵەتی بهێنێت، دەڵێ، "ئێستا ئەوە گرنگ نییە"، دووپاتیدەکاتەوە، "پاش بەدەستهێنان یان چوونە دەرەوە لە مۆندیال، کاتم دەبێت بۆ بڕیاردان، ئەوکات لەگەڵ خێزانەکەم دادەنیشم و گفتوگۆ دەکەین و بڕیاری خۆم دەدەم".
ئەو هەروەها دەڵێ، "لە حاڵەتی هەڵچووندا بڕیار نادەم وەک پێشتر، ئێستا هەموو شتێک بەئارامی ئەنجامدەدەم. هەموو ئەوەی بەلامەوە گرنگە چێژوەرگرتن لە ئێستا و هاوکاریکردنی هەڵبژاردەکەم".
رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی، لە دوای سەرکەوتن بەسەر کرواتیا و لە ساڵیای کۆچی دوایی دیۆگۆ جۆتای یاریزانی کۆچکردووی هەڵبژاردەکەیان، کە ساڵێک لەمەوبەر لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەگەڵ براکەی لە فەرەنسا گیانی لەدەستدا، درێسی ژمارە 21ی ئەویان بەرزکردەوە و رێزیان لێنا.
رۆناڵدۆ لەبارەی ریزلێنانەکەوە گوتی، "رۆژێکی ناوازەبوو بۆ جۆتا کە لە ئاسمانەوە تەماشامان دەکات. دەزانین ئەو لەگەڵمانە، دەبوو بۆ رێزلێنان لەو، ئەمڕۆ براوەبین".
رۆناڵدۆ دووپاتیکردەوە لە دوای یارییەکە ماڵئاوایی لە لوکا مۆدریچ کردووە و دووپاتیکردەوە، لوکا ئەفسانەیەکی مێژووی تۆپی پێیە، لە تەمەندا لەیەکەوە نزیکین، من رێزی زۆری مۆدریچ و ئەوە دەگرم، کە ئەو لە دونیای تۆپی پێدا پێشکەشی کردووە.
رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال، خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە قۆناخی شانزەی مۆندیال، ئامادە دەکەن.




